زووم..
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتن.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ یەکشەممە دوای پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی بڕی بەردەست.
بۆ ئەم مەبەستەش تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش بە مەبەستی پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوت لەنێوان هەردوولادا پێکهێنراوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دووپات کردووەتەوە.
هاوکات کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان رایگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووی شوباتی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پەسەندکرد کە تێیدا نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار دیاریکراوە.
لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەکردنینەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راگیراوە و بەگوێرەی ئاماری ئەپیکور زیانی راگرتنی هەناردەی نەوت 26 ملیار دۆلارە. بەگوێرەی رێککەوتنەکەی بەغداد و هەرێم، رۆژانە حکومەتی هەرێم دەبێت 300 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات