زووم..
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە زوومی گوت، ئامادەکاری تەواوکراوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵی 34 بۆری گواستنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەماوە، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان داوای دڵنیایی لە بەغداد دەکات.
سەباح سوبحی پەرلەمانتارى فراکسیۆنى پارتی لە پەلەمانى عێراق دەشڵێت، “گومانمان هەیە حکومەتی عێراق 16 دۆلار بە کۆمپانیاکان بدات کە بۆ خەرجی دەرهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوتى هەرێمى کوردستان دانراوە، بۆیە سەرەتا پێویستە زەمانەتێک بۆ مافی کۆمپانیاکان هەبێت.”
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: هەندێک نامەی دڵخۆشکەرمان لە لایەن ئەمریکییەکانەوە بەدەست گەیشتووە کە هیچ بەربەستێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دروست ناکرێت، بەڵام گومان دەکرێت لە هەندێک کێڵگە بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک لە 16 دۆلار کەمبکرێتەوە ئەمەش گرفت بۆ پرۆسەکە دروست دەکات.
زووم دەزانێ جگە لە داواى گرەنتی، ئەو کۆمپانیایانەى کە خاوەندارێتیى بۆرى نەوتى هەرێمى کوردستانیش دەکەن ناڕازیین و پێیانوایە ئەو نرخەى بۆ گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوت دیاریکراوە کەمە و پێویستە زیاد بکرێت.