زووم..
ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و هەموو چاوەکان لەسەر پارتە راستڕەوە توندڕەوەکانن کە ئەگەر دەنگێکی زۆر ببەنەوە ئەوا پرسی پەنابەری دێتەوە بەر باس و ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی بەلێشاوی کۆچبەران هەیە.
کاتژمێر 10 بەکاتی هەرێمی کوردستان دەنگدان لە ئەڵمانیا دەستپیپێکرد بۆ هەڵبژاردنی 630 ئەندامی پەرلەمان کە بە “بوندستاگ” ناسراوە.
لە ئەڵمانیا زیاتر لە 59 ملیۆن کەس لەکۆی نزیکەی 85 ملیۆن دانیشتوان مافی دەنگدانیان هەیە، ژمارەی کوردیش بەنزیکەیی یەک ملیۆن و 300 هەزار کەسە لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
ژیانی عەلی زوومی ئەڵمانیا دەڵێت، لەکۆی چوار هەزار و 506 کاندیدی پەرلەمان 12 کاندیدیان کوردن.
لەو 59 ملیۆن دەنگدەرە حەوت ملیۆن کەسیان باگراوند و پێشینەی کۆچبەرییان هەیە، نزیکەی 2.3 ملیۆن دەنگدەریش یەکمجارییانە لە هەڵبژاردن بەشداری بکەن.
هەڵبژاردنی ئەڵمانیا بەشێکی زۆری پشتی بە دەنگدەری بەتەمەن بەستووە چونکە 42%ـی دەنگدەران تەمەنیان سەروو 60 ساڵە بەراورد بە 13%ـی دەنگدەری گەنج کە تەمەنیان لەخوار 30 ساڵەوەیە.
ئەم هەڵبژاردنەی ئەڵمانیا یەکلاکەرەوەیە بەهۆی ئەوەی پرسی کۆچبەری یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکان و زۆربەی کاندیدان بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی چاکسازییان لە پرسەکەدا داوە.
کێ دەبێتە راوێژکاری ئەڵمانیا؟
لەم هەڵبژاردنەی ئەڵمانیا هیچ پارتێک ناتوانێت بە تەنها زۆرینە پێکبهێنێت و بەگوێرەی دواین راپرسییەکان لە میدیاکانی ئەڵمانیا، پارتی دیموکراتی کرسیتیانەکانی ئەڵمانیا یان سی دی یو کە فریدریک مێرتز سەرۆکایەتی دەکات ئەگەری بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی هەیە کە لەنێوان 28-32%ـی سەرجەم دەنگەکان خەمڵێنراوە.
فریدریک مێرتز کە پارتەکەی پارتێکی پارێزکار و راسترەوی میانڕەوە چەندین بەڵێنی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا داوە کە یەکێکیان سنووردارکردنی یاساکانی کۆچبەرییە.

کاندیدانی پارتە سیاسییەکان بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا. لە راستەوە: ئالیس ڤایدڵ هاوسەرۆکی پارتی ئەف ئێف دی، فریدریک مێرتز سەرۆکی پارتی سی دی یو، رۆبیرت هابێک کاندیدی سەرەکی پارتی سەوز، هەروەها ئۆلاف شۆڵتز سەرۆکی پارتی ئێس پی دی
پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندبوو، لە یەکەم رۆژی وەک راوێژکاری ئەڵمانیا ئەگەر هەڵبژێردرا یەکەم کاری ئەوە دەبێت فەرمان بە وەزارەتی ناوخۆ بکات سنووری ئەڵمانیا بە هەمیشەیی کۆنترۆڵ بکات بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
کاندیدێکی دیکە کە زۆرترین چاوی لەسەرە ئالیس ڤایدڵە کە سەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا یان (ئەی ئێف دی)ـییە و ئەم پارتە بە پارتێکی راستڕەوی توندڕەو ناسراوە و بەتەواوی دژی پەنابەرانە لە ئەڵمانیا.
ئالیس ڤایدڵ ئەگەری سەرکەوتنی کەمە بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا، بەڵام پارتەکەی لە راپرسییەکاندا پلەی دووەمی هەیە بە کۆکردنەوەی رێژەی 20%ـی دەنگەکان و بەڵێنیداوە بە لێشاو پەنابەران دیپۆرتبکاتەوە.
زۆربەی پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا رەتیانکردووەتەوە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەم پارتە پێکبهێنن بەهۆی سیاستە توندەکانی دژی کۆچبەران و هەروەها پرسی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا و چەند پرسیکی دیکە.
کوردانی ئەڵمانیا کە ژمارەیان زیاترە لە یەک ملیۆن کەس بەشێکی زۆریان دەیانەوێت دەنگ بە پارتە پارێزکار و چەپەکان بدەن چونکە ئەو پارتانە زیاتر گرنگی بە بەهێزکردنەوەی ئابووری وڵات دەدەن نەک پرسی کۆچبەران.
کوردێکی دانیشتووی ئەڵمانیا بە زوومی گوت، دەیەوێت دەنگ بە پارتە چەپەکان بدات چونکە پشتگیری پەنابەران دەکەن.
هەڵبژاردنی ئەڵمانیا چۆن بەڕێوەدەچێت؟
هەموو چوار ساڵ جارێک هەرڵبژاردن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە پێشوەختەیە بەهۆی هەڵوەشانەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی حکومەت کە ئۆلاف شۆڵتز سەرۆکایەتی دەکرد.
بڕیارە بنکەکانی دەنگدان لە ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 8:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان دابخرێن و درەنگانی شەویش ئەنجامەکان رادەگەیەنرێن.
خەڵکی ئەڵمانیا دوو دەنگ دەدەن، یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرێکە بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 299 بازنەی هەڵبژاردن، دەنگی دووەمیش بۆ هەڵبژاردنی پارتێکی سیاسییە لە 16 هەرێمی ئەڵمانیا. بۆ ئەوەی هەر پارتێک چوونە نێو پەرلەمان مسۆگەر بکات دەبێت 5%ـی دەنگدانی دووەم بەدەستبهێنێت.
لەدوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بۆ پێکهێنانی حکومەت، سەرۆکی ئەڵمانیا کاندیدی سەرکەوتوو بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا دەستنیشان دەکات و دواتر لە پەرلەمان دەنگی پێدەدرێت.