زووم..
شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرنگە بەزووترین کات هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، بەڵام پێش ئەوە پێویستە لەسەر بڕ و شێوازی هەناردەکردنی رێکبکەون.
شاندەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، لە کۆبوونەوەی 18ـی ئەم مانگە لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق جەختیان کردووەتەوە لەوەی پێویستە پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن بکرێت لەسەر دیاریکردنی بڕێک بۆ مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی، هاوشێوەی سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
دەشڵێت، لایەنی عیراقی لە کۆبوونەوەکاندا دەربارەی ئەو بابەتانە پێیان گوتوون، دیاریکردنی بڕی نەوتی دەرهێنراو پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانە و بۆ شێوازی خەرجکردنی کرێی دەرهێنان و گواستنەوەش پێویستە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسە بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێویستە بەزووترین کات ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن و هەناردەی نەوت لەڕێی سۆمۆوە دەستپێبکاتەوە.