زووم..
وەزارەتی نەوتی سوریا رایگەیاند، ئیدارەی رۆژاڤا رازی بووە بە رادەستکردنی نەوت بە حکومەتی نوێی دیمەشق.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی نەوت رایگەیاندووە، لەگەڵ رۆژاڤا رێککەوتوون پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان بکەن، بەجۆرێک لە بەرژەوەندیی گەلی سوریا بێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوت دەڵێ، رۆژاڤا رازی بووە بەوەی لەو ناوچانەی لە دوای رۆیشتنی حکومەتی بەشار ئەسەد کەوتووەتە دەستی، نەوتەکەی رادەستی وەزارەتی نەوتی سوریا بکات.
ئیدارەی رۆژاڤا و حکومەتی نوێی سوریا رێککەوتوون رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت و ملیۆنێک مەتر سێجا غاز رادەست بکەن، گرێبەستەکەش بە شێوەیەکی سەرەتایی بۆ سێ مانگ ئەنجام دراوە.
تاوەکو ئێستا ئیدارەی رۆژاڤا، هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی رێککەوتنەکە، بە رەتکردنەوە یان پشتڕاستکردنەوە، بڵاونەکردووەتەوە.