رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەمڕۆ تەرمی نەسروڵا و سەفیەدین بەخاک دەسپێردرێن
بڕیارە ئەمڕۆ تەرمی حەسەن نەسروڵا و هاشم سەفیەدین دوو ئەمینداری پێشووى حزبوڵاى لوبنان، بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە میوانان و ئەندامانى حزبەکەیان لە ناوەوەو دەرەوەى لوبنان بەخاک بسپێردرێن.
موعەمەر ئیریانى وەزیری راگەیاندن و گەشتوگوزاری یەمەن رایگەیاندووە بەشداریکردنى سەرکردەی حوسییەکان لەو بۆنەیەدا شتێکى بێبەرنامە و سەربەخۆیی نییە و پەیامێکى لەپشتەوەیە، بەشێک لە شرۆڤەکارانیش بۆچونییان وایە پلانەکە بە بێ راوێژ و رێنماییەکانى ئێران نەبووە.
کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گۆڕەپانى وەرزشى کەمیل شەمعونى بەریروت بە ئامادەبوونى 50 هەزار کەس دەستپێدەکات و کاتژمێر و نیوێک دەخایەنێت و دواى خوێندنەوەى گوتاری نەعیم قاسم ئەمینداری گشتى حزبوڵا بەرەو گۆڕی ئامادەکراوى نەسڕوڵا بەڕێدەکەون کە دەکەوێتەدوو رێیانى فرۆکەخانەى بەیروت.

سەباح
بازاڕ پڕبووە لە گۆشتى هاوردە و بەستوو
دورەید عنزی پسپۆڕی ئابووری بە رۆژنامەى سەباحی راگەیاند، زۆربوونی گۆشتى بەستووى هاوردە لە بازاڕەکانى عێراقدا کە کەس نازانێت سەرچاوەکەیان کوێیە، تەنانەت گۆشتەکەش چییە؟ هۆکارەکەى لاوازیی چاودێریی بازاڕەکان و زۆری سنوورە نایاسایی و قاچاخەکانە.
دکتۆر سامر خەفاجی بەڕێوەبەری بەشى ڤێرتنەریی لە وەزارەتى کشتوکاڵ رایگەیاندووە، لیژنەکانی چاودێریی بەردەوام سەردانى بازاڕەکان دەکەن و بەدواداچوون بەردەوامیان هەیە بۆ ئەو گۆشتانە و هەرکەسێکیش سەرپێچى بکات روبەڕووی یاسای دەکەنەوە.

عەرەبی جەدید
لە سودان 1197 حاڵەتى نوێی کۆلێرا تۆمارکرا
تۆڕی پزیشکانى سودانی ناحکومى بڵاویانکردەوە، لە سودان تا ئێستا 1197 حاڵەتى توشبوون بە نەخۆشى کۆلێرا تۆمارکراوە. لەژمارەیە 259 یان چاکبوونەتەوە.
دۆخی پارێزگاى نیلىسپی مەترسیدارە و نەخۆشییەکەى بەزۆری تێدا بڵاوبووەتەوە، نەخۆشخانەى تایبەتى تێدا نییە و ئەوەشى کە هەیە بەشى تووشبووەکان ناکات، تۆڕی پزیشکان بڵاویانکردوەتەوە 800کەس سکچوونى لەڕادەبەدەر و توندیان هەیە و براونەتە نەخۆشخانەى پارێزگاکە.
بەگوێرەى راپۆرتى وەزارەتى تەندروستى سودان لە سەرەتاى 2023 وە تائێستا 53 هەزار و 735 کەس تووشى کۆلێرابوون لەو ژمارەیەش 430 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
ئەمڕۆ هەشتەمین کۆنگرەى ئاسایی ئاک پارتی بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی ئاک پارتی بەڕێوەدەچێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا وەک تاکە کاندید بۆ هەڵبژاردنەوەى وەک سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی بەشداری کۆنگرەکە دەکات.
بەگوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى حوڕییەت، کۆنگرەکە بە بەشداریی 1607 ئەندامی کۆنگرە بەڕێوەدەچێت.
لە 28ـی تشرینی دووەمی 2024 تاکوو حەوتی شوبات، کۆنگرەى ئاک پارتی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەستیانپێکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بەشداری زۆرێک لە کۆنفڕانسی پارێزگاکانی کرد.
ئاک پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2002 توانی 365 پەڕلەمانتار سەربخات و حکومەت پێکبهێنێت و ماوەى ٢٣ ساڵە بە تەنها دەسەڵاتدارە لەو وڵاتە.
ئاک پارتی تائێستا حەوت کۆنگرەی ئاسایی و چوار کۆنگرەی نائاسایی بەستووە.
جمهورییەت
بێکاریی تەنگی بە گەنجان هەڵچنیوە
لە تورکیا و باکووری کوردستان نزیکەى سێ ملیۆن گەنج بێکارن، ئەمەش وایکردووە گەنج بە ئومێدەوە بۆ داهاتووى خۆی لەو وڵاتە نەڕوانێت.
بەگوێرەى راپۆرتێکی نوێی دەزگای ئاماری تورکیا زۆرێک لە گەنجانی ئەو وڵاتە بێکار دەسوڕێنەوە و ژمارەى گەنجانی بێکار گەیشتوەتە دوو ملیۆن و 600 هەزار گەنج.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە 36٪ـی ئەو گەنجانە بڕوانامەى قۆناغی ناوەندییان هەیە و 35٪ـی دیکەیان بڕوانامەى قۆناغی ئامادەیی و 14٪ـیان خاوەن بڕوانامەى خوێندنی باڵان.

تورکیا
پڕۆسەی دیالۆگ دەکەوێتە سەرپێ
رەمزى کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەى گەل و بەرپرسی باڵاى پەکەکە لە ئەوروپا رایگەیاند، نامەیەکیان لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەستگەیشتووە.
بەگوتەی خۆی پڕۆسەی دیالۆگ لەگەڵ ئۆجالان بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە، بەم نزیکانە لەلایەن ئۆجالانەوە بانگەوازی چەک دانان بۆ پەکەکە دەکرێت.

قەرار
%53 ـى هاوڵاتیانی تورکیا قەرزاری بانکەکانن
تادێت لە تورکیا و باکووری کوردستان ژمارەى ئەو هاوڵاتیانەی قەرزاری بانکەکانن روو لە زیادبون دەکات.
بە گوێرەى توێژینەوەیەکی ناوەندی ئای ئێن جی، 53٪ـى هاووڵاتیانی تورکیا قەرزاری بانکەکانن 30٪ـی ئەو هاووڵاتیانەش ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
لەپاش 150 ساڵ دۆستایەتی، نێوانی کەنەدا و ئەمریکا گەشتووە بە بۆڵەبۆڵ
جاستن ترۆدۆ فەرمانڕەوای کەنەدا دەڵێت، قسەوباسەکانی سەر زیادکردنی باج و هێنانەئارای پێشنیاری ویلایەتی پەنجاویەکەمی ئەمریکا، یەکێک لە دێرینترین دۆستایەتییە دیپلۆماسییەکانی خستۆتە بەر هەڕەشە.
لەکاتی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ لە دیدارێکدا بە جاستن ترودۆی سەرۆکی کەنەدای گوتبوو، کەنەدا دەکەن بە ویلایەتی 51ـەمی ئەمریکا.
ئەودەمە هەموو بەرپرسیارە دەوڵەتمەدارەکانی کەنەدا قسەکەیان وەک گاڵتەکردن لە ترەمپ وەرگرتبوو. بەڵام ئێستا کە خەریکە بەفر و بەستەڵەکی ناو پەیوەندییەکانی نێوانی هەردوولا بواری هاتوچۆکردن ناهێڵێت.
بەرپرسانی کەنەدا زۆر بە جدی بیر لەو باسەی ترەمپ دەکەنەوە، چونکە هەر لە سەرەتای سەرکەوتنییەوە لە هەڵبژاردنەکاندا گوتویەتی و دەیڵێتەوە، کە ئەو سنورە دەستکردەی نێوانی ئەو دوو وڵاتە لادەدات.

دەیلی مەیل
پۆلیسی بیروڕا بەردەرگا بە ژنێکی بەساڵاچوو دەگرێت
هەزاران تاوانی راستەقینە لەم وڵاتەدا تێدەپەڕێت، بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت. کەچی دوو پۆلیس دەچنە بەر دەرگای ژنێک لە تەمەنی نەنکمدایە، بۆئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەن، لەبەرئەوەی لە گروپێکی سەر فەیسبووکدا بۆ وەزیرێکی سەر بە پارتی کرێکارانی نوسیوە(مردنت بە ئاوات دەخوازم).
ئەوەی روویداوە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رادەربڕینە، دوو کارمەندی پۆلیس چووونەتە بەردەرگای ژنێکی بەتەمەن، بانگیان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە، لەبەرئەوەی لە رێگای فەیسبووکەوە رەخنەی لە سیاسەتەکانی پارتی کرێکاران گرتووە.
ئەو ژنە بەتەمەنە ناوی هێلین جۆنزە، پۆلیسی بیرکردنەوە وەک پۆلیسی خزمەتگوزارییە نهێنییەکانی ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی جاران چوونەتە بەر دەرگای ئەو ژنە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردووە، لەبەرئەوەی دەڵێن تاوانی کردووە.

دەیلی تەلەگراف
پارتی کرێکاران چاودێری سۆشیاڵ میدیا هاووڵاتیان دەکات
دەستەیەکی راسپێردراو لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە کار لەسەر پەرەپێدانی بەرنامەیەکی ژیریی دەستکرد دەکەن، ئەم بەرنامەیە بۆئەوەیە بتوانێت بچێتە ناو پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیای تەواوی خەڵکی ناو بەریتانیاوە.
لە هەرکوێ پۆستێکی دۆزییەوە، کە بەدڵی بەرپرسان نەبێت، دەستنیشانی دەکات بۆئەوەی رێووشوێنی بەرامبەر وەربگیردرێت.
تۆمار هەیە لەسەرئەوەی کە بەشی زانست و داهێنانی تەکنەلۆژی ناسراو بە (دی ئێس ئای تی) لەم دوواییانەدا بڕی 2.3 ملیۆن پاوەندی داوە بە کۆمپانیایەکی ژیریی دەستکرد بۆئەوەی بەرنامەیەکی بۆ دروست بکات بتوانێت بە مەبەستی چاودێریکردن لەناو سۆشیال میدیادا بەکاربهێندرێت.

دەیلی چاینە
لەپێناوی پاراستنی مافی کارمەندەکانی گەیاندندا چەند هەنگاوێک نراوە
ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بواری خۆراک گەیاندن لە چین رایانگەیاند، کار لەسەر ئەوە دەکەن، مافی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بۆ شۆفێرەکانی گەیاندن مسۆگەر بکەن.
شارەزایان دەڵێن، ئەم کارە هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ پاراستنی مافی ئەو خەڵکانەی لەو بوارەدا کاردەکەن.
رۆژی چوارشەممە کۆمپانیای جەی دی، کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورە چینییەکانی بواری گەیاند رایگەیاندووە، لە چوارشەممەوە کار لەسەر دابینکردنی مافی نیشتەجێبوون و مافی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ کارمەندەکانی خۆی دەکات.
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
حکومەتی ئێران لە بەڕێوەبەرایەتی ئاودا شکستیهێناوە
عیسا بزورگ زادە، گوتەبێژی کەرتی ئاوی ئێران، لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئاوی پەرلەمان باسی لە پلانەکانی وەزارەتی وزە کرد بۆ سپاردنی بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکانی بە کەرتی تایبەت.
ناوبراو جەختی لەسەر پێویستی کەمکردنەوەی دەستی حکومەت لە کەرتی ئاودا کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد ،کە لە دەیەکانی رابردوودا، دەوڵەت بە تەنیا بەرپرسی سەرەکی بەڕێوەبردن بووە و دەستێوەردانی لە هەموو بڕیارداندا کردووە بەڵام ئەم شێوازە بەڕێوەبردنە باش نەبووە و بەرگری لێ ناکرێت.
گوتیشی، بۆ چاککردنی ئەم دۆخە، دەبێت رۆڵی دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی ئاودا کەم بکرێتەوە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگا و کەرتی تایبەت بەهێز بکرێن.
کار و کارگەر
یەکەمین هێڵی پاسی کارەبایی لە تاران دەستی بەکارکرد
بەڕێوەبەری گشتیی پاسەکانی تاران، دەستپێکردنی یەکەم هێڵی پاسی کارەبایی لە تاران کرد، لە میحوەری شەقامی جمهوری بۆ بەهارستان راگەیاند.
ئەحمەد قەیومی گوتی، ئەم هێڵە بە درێژایی نزیکەی پێنج کیلۆمەترە و 10 وێستگەی لە رۆیشتن و 14 وێستگەی لە گەڕانەوەدا هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بە پێویستی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە گواستنەوەی گشتیدا کرد و گوتیشی، ئێستا 10 پاسی کارەبایی لەم رێگایەدا کار دەکەن و دەستپێکردنی ئەم هێڵە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا و گەشەپێدانی گواستنەوەی گشتی و پاک.

ئارمانی ئێمروز
رێکخراوی کەشناسیی ئێران هۆشداری دەدات لە زیادبوونی بوونی بارین لە 25 پارێزگا
رێکخراوی کەشناسیی ئێران بە دەرکردنی هۆشداریی ئاستی پرتەقاڵی، ئاماژە بە بەهێزبوونی شەپۆلێکی بارین دەکات و رایگەیاندووە:، بارینی بەفر و باران، هەورەبروسکە، گەردەلوولی بەفر، دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرما، بای بەهێز و هەندێک جار بارینی تەرزە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها 21 پارێزگای دیکەی ئێران پێشبینی دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کەشناسی پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلە بارینە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو و داخستنی رێگاکان لە هەندێک ناوچەدا.

ئەبراری ئیقتسادی
ئینستاگرام پڕبینەرترین تۆڕی کۆمەڵایەتییە لە ئێراندا
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئینستاگرام پڕبینەرترین تۆڕی کۆمەڵایەتییە لە ئێران، لەکاتێکدا فەیسبووک پڕبینەرترین تۆڕی کۆمەڵایەتییە لە جیهان و ئاسیادا.
راپۆرتەکان دەریدەخەن لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لە ئێراندا ئینستاگرام بە رێژەی بەکارهێنانی 76٪ی خەڵکەوە به جیاوازییەکی زۆر لە لوتکەی ئەو پلاتفۆرمانەیە کە زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئینستاگرام لە ئێران وەک زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە بیانییەکانی دیکە فلتەر کراوە.