زووم..
بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و سەرماوسۆڵەیەی رووی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان کردووە، بڕیاردراوە سبەی لە سنووری پەروەردەکانی چۆمان و پێنجوێن و ناحیەکانی بیارە و تەوێڵە، سبەی پشووی فەرمی بێت.
پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانبارینەی رووی لە ناوچەی هەورامان کردووە، سبەی یەکشەممە لە قوتابخانە و سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت لە ناحیەکانی بیارە و تەوێڵە پشووی فەرمی دەبێت، جگە لەو خوێندکارانەی تاقیکردنەوەی بەراییان هەیە.
هەروەها، قایمقامیەتی قەزای چۆمان دەڵێ، شەپۆلێکی بەفربارین سنووری قەزای چۆمان و ناحیەکانی گرتووەتەوە، بەهۆی مەترسیی هاتوچۆکردنی قوتابیان و ئەگەری دروستبوونی شەختە، سبەی یەکشەممە لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنوورەکە پشووی فەرمی دەبێت، جگە لەو خوێندکارانەی بەشداری ئەزموونە بەراییەکان دەکەن.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێن بڵاویکردووەتەوە، لەپێناو سەلامەتیی قوتابیان و بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، سبەی یەکشەممە پشوو دەبێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری بەڕێوەبەرێتییەکەدا، جگە لەو خوێندکارانەی بەشداری تاقیکردنەوە بەراییەکان دەکەن.