زووم..
سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، پەیام بۆ پارتی نێردراوە هەرکاتێک وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە یەکێتی درا، رێگە نادەن مامۆستایان و فەرمانبەران بایکۆتی خوێندن بکەن.
هەر لەسەر ئەو پەیامە سەرچاوەیەک لە شاندی دانوستانکاری یەکێتی بە زوومی گوت، لایەنی تایبەتمەند بۆ داواکاریی پشکەکانی یەکێتی لە کابینەی دەیەمدا شاندەکەن، نەوەک کەسانی دیکە، چونکە ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو شاندە داوای پۆستیان کردووە فەرمی نیین.
ئەوەی یەکێتی لە دەرەوەی شاندی دانوستانکار داوای دەکات، لەکاتێکدایە زیاتر لە دوو کابینەیە یەکێتی پۆستی وەزیری خوێندنی باڵای لایە و بایکۆتی زانکۆکانیش بەردەوام هەبووە.
ئەمڕۆ شاندی باڵای یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە و رایانگەیاند، تاوەکو باش لە داواکارییەکانی یەکتری تێبگەن پێویستیان بە کاتی زیاتر و کۆبوونەوەی زیاتر هەیە.
ئەم راگەیەندراوە لەکاتێکدایە زووم دەزانێت، پارتی پەلەیەتی کابینەی نوێی حکومەت زوو پێکبهێنن، بەڵام یەکێتی پەلەی نییە، تەنانەت ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی گوتی، نایانەوێت بەپەلەپەل حکومەت پێکبهێنن.
چەند رۆژێک دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، پارتی بەفەرمی رایگەیاند، دەستبەرداری پۆستەکانی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نابن و بۆ مەرسرور بارزانی و نێچێرڤان بارزانی دیاریکراون، یەکێتییش لەگەڵ ئەم دوو پۆستە و دوو بارزانییەکەدا کێشەی نییە. جگە لەوەش پارتی نایەوێت دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی ناوخۆش ببێ.