زووم…
نوسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، قاسم ئەعرەجی لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمنی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لە هەولێر لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و بەرپرسانی دیكەی هەرێم بەئامادەبوونی هەماهەنگیکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە عێراق کۆبووەتەوە.
گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا بەدوادواچونیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی رێکكەوتنی هاوبەشی ئەمنی عێراق و ئێران و دۆسیەی دیکەی پەیوەندیدار بە هاوکاری ئاسایش و پاراستنی سنورەکان.
هەروەها لەبارەی دۆسیەی کەمپی ئاوارەکانی حەسەن شام و دیبەگە گفتوگۆیان کردووە و راسپاردە دراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ یەکلایکردنەوەی دۆسیەکە.
لەو بارەیەوە بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە مەسعود بارزانی قاسم ئەعرەجی کۆبوونەوە و بارودۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێکرا و پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئێران و ڕێككەوتننامە ئەمنییەكەی نێوان هەردوولا و دەرئەنجامەكانی خرایە بەر باس و هەڵسەنگاندن.
کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای ئەمنی بەغداد و هەرێم هاوکاتە لەگەڵ سەردانی ئەسکەندەر موئمینی وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ بەغداد و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەبارەی پرسی سەقامگیری ناوچە سنوورییەکان و رێککەوتنی ئەمنیی هەردوو وڵات لەبارەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان.
لەچەند رۆژی رابردوودا کەناڵی عەرەبیە بڵاویکردەوە، ئێران لەبەرامبەر جێبەجێنەکردنی رێکكەوتنی ئەمنی، هەڕەشەی لە بەغداد و هەولێر کردووە بە هێرشکردنە سەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان.