ئەنچیلۆتى پێیوایە هەمیشە دێربى مەدرید قورسە و لەسەر بۆچوونى خۆشى لە بارەى کێشەکانى ناوبژیوانى بەردەوامە.
لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسى تایبەت بە یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر جیرۆنا لە لالیگا، ئەنچیلۆتى راهێنەرى ریاڵ مەدرید باسى لە رووبەڕووبوونەوەى ئەتلەتیکۆ مەدرید لە قۆناغى ١٦ى چامپیۆنز لیگ کرد و گوتى: هەمیشە دێربى مەدرید قورسە، یارییەکى جوان و چێژبەخش و هاوسەنگ دەبێت، دوایین یاریمان بە یەکسانبوون کۆتایى هات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کوالیتى هەردوو یانەکە وەک یەکە.
لە بارەى راگرتنى جود بێلینگهامەوە، ئەنچیلۆتى دەڵێت پێویستە بڕیارەکە قبوڵ بکەن و سبەینێ یاریزانێکى دیکە لە جێگەکەیدا یارى دەکات، سیبایۆسیش باشە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو یاریزانانەش دەکەن، کە پێویستیان بە پشووە، تیپەکەشیان بەرەو پێشەوەچووە و ئەگەر هەیە داڤید ئەلابا یارى بکات.
ئەنچیلۆتى پێیوایە لە قۆناغێکى هەستیارى وەرزەکەدان و پێویستە ئەو ئاستە بەرزەى بەرامبەر مانچستەر سیتى پێشکەشیان کرد دووبارەى بکەنەوە، لەبەرئەوەى خولەکە زۆر رکابەرییە و هەموو یارییەکانیش گرنگن بۆ گەیشتن بە کۆتایى پێشبڕکێکە.
لە بارەى کێشەکانى ناوبژیوانى، ئەنچیلۆتى دووپاتیکردەوە لەسەر بیر و بۆچوونى خۆى بەردەوامە و بەپێى توانا پێشبڕکێیەکى پاک و خاوێنیان دەوێت.