زووم..
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایکرد بە خێرایی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، پێکەوە باسیان لە گرنگترین پرسە نیشتمانییەکان کردووە، لەگەڵ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت لە بوارە جیاجیاکاندا.
سودانی جەختی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنە هاوبەشەکان کردەوە، بەتایبەت پرسی هەمواری یاسای بودجە کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە، داوایکرد بەخێرایی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەست بە بەرهەمهێنانیی نەوت و هەناردەکردنەوەی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بکەنەوە.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی لە تۆڕی ئێکس نوسیویەتی، گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان کرد لەبارەی دوایین پێشهاتەکان، سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ.