زووم..
شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوەدان، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بە رۆژنامەنووسانی گوت، ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵ شاندی پارتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆدەبنەوە و ئەو خاڵانەی لەسەری کۆکن، زیاترە لەو خاڵانەی کۆک نین لەسەری.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی تاوتوێی ئەو رەشنووسە دەکەن، کە لەلایەن تیمی تەکنیکیی هەردوولاوە، وەک بەرنامەی کاری کابینەی نوێ ئامادەکراوە.
لەچەند رۆژی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەبارەی دانوسانەکانی نێوانیان لەگەڵ یەکێتی گوتبووی، شاندی پارتی و یەكێتی لە گفتوگۆیەكی جدیدان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ و کۆبوونەوەکان هەنگاوی باشیان بڕیوە.