36
زووم..
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە، باشووری سوودان بڕیاریدا بۆ ماوەی دوو هەفتە دەرگای سەرجەم قوتابخانەکانی دابخات.
ئەم بڕیارە دوای ئەوەهات کە چەندین قوتابی لە پۆلەکانیاندا بەهۆی گەرماوە بوورانەوە، جێگری وەزیری پەروەردەی باشوری سوودان رایگەیاند، رۆژانە نزیکەی 12 قوتابی لە پایتەختدا دەبوورێنەوە.
زۆربەی قوتابخانەکانی باشووری سوودان کارەبایان نییە بۆ فێنککەرەوە و پێشبینیدەکرێت شەپۆلی گەرما بگاتە 42 پلە، بۆیە وەزیری ژینگە داوای لە هاووڵاتیان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە و ئاو بخۆنەوە.
دەزگا حکومییەکانیش بۆ ماوەی دوو هەفتە بەنیوەی کاتی ئاسایی کاردەکەن و داوا لە حکومەت کرا کە ساڵنامەی خوێندن بگۆڕێت بۆ ئەوەی لە مانگی شوبات پشوو هەبێت.
باشووری سوودان یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەهۆی قەیرانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە.