رۆژنامە عەرەبییەکان
قودسى عەرەبی
قۆناغێکی دیکەى ئاڵوگۆڕی گیراوەکانى ئیسرائیل و حەماس دەستپێدەکات
ئامادەکارییەکان بۆ گۆڕینەوەی گیراوەکانى نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە، بڕیارە ئەمڕۆ 602 فەلەستینى بەرامبەر شەش ئیسرئیلى ئاڵوگۆڕبکرێن.
میدیاى نوسینگەى دەستبەسەرکراوانى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لەوفەڵەستینیانەی ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن، 50 کەسیان بڕیاری زیندانى هەمیشەییان هەبووە، 60 کەسیان سزاى ماوە درێژ و 445 یشیان لە دواى هێرشەکانى 7ـىئۆکتۆبەردەستگیرکراون و 47 کەسەکەى تریش ئەوانەن کە دووەمجار بووە دەستگیربکرێنەوە.
عەرەب
بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو نوجەیفى و سامەڕایی هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا
ئوسامە نوجەیفى کەسایەتی دیاری سونەکان، و سەرۆکی پێشتووتری پەرلەمانى عێراق لەبارەى هاوپەیمانییە نوێیەکەى لەگەڵ موسەنا سامەڕایی سەرۆکی هاپەیمانى عەزم رایگەیاند، هاوپەیمانییە نوێیەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتووی عێراقە.
گوتیشی، کاریگەریی گەورەیان دەبێت لەسەر پارێزگای موسڵ لەو هەڵبژاردنەدا و دەتوانن رۆڵی گەورە بۆ ئەو پارێزگایە بگێڕنەوە، کە ماوەیەکى زۆرە پەراوێزخراوە و دەیانەوێت موسڵاوییەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
رۆژنامەی عەرەب نوسیویەتی، تا ئێستا نە ناوى هاویەیمانییەکەیان ئاشکرا کردووە نە بەرنامەى کاریان، بەڵام ئەوەى کە زانراوە لەڕێگەى سەرچاوە تایبەتەکانى رۆژنامەکەوە ئەوەیە هاوپەیمانییەکەیانکردووە و خۆیان بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو ئامادە دەکەن.
مەدا
لە عێراق ملیۆنان دۆنم زەوی بەراو بوون بە بیابان
فالح خەزعەلى سەرۆکی لیژنەى کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، ملیۆنان دۆنم بەهۆی کەمئاوییەوە بەجێهێڵراون و سوودیان لێ نابینرێت.
ئاوى عێراق زۆرینەى رەهاى لەتورکیا و پاشان ئێران و بەدواى ئەودا سوریا و بەشێکی لە ناوخۆ دابیندەبێت، تورکیا هاوکاریی عێراق ناکات لە بەردانەوەى ئاودا ئەوە لە کاتێکدا کە دۆسیەى ئاو بابەتێکى سیادیی و نێودەوڵەتییە.
خەزعەلى رایگەیاندووە، 70%ـى زەوییە بەراوییەکان لە سایەى کەمبوونەوەى ئاودا بوونەتە بیابان و بەڕێژەى 20%ـیش زیانى بە سامانی ئاژەڵ گەیاندووە، خەزعەلى داوای لە حکومەتەکەى سودانى کردووە فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەى ئەو مافەى بۆ بگەڕێنێتەوە لەبەر ئەوەى دۆسییەکە پەیوەندیی بە سەروەریی وڵاتەکەوەهەیە.
جەریدە
ئەمریکا هاوکاریی سەربازیی کوەیت دەکات
باڵێۆزخانەى ئەمریکا لە کوەیت بڵاویکردەوە، وڵاتەکەى هاوکاریی کوەیت دەکات
لە روانگەى سەربازییەوە، بڕیارە لیژنە سەربازییەکانیان پێکەوە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.
وەزارەتى بەرگریی کوەیتیش جەختى کردووەتەوە، پێویستى بە تەکنۆلۆژیاى سەردەمییانە هەیە لە بوارى سەربازییدا، لەگەڵ ئەوەشدا جەختیانکردوەتەوە سوپاى کوەیت پێویستى زۆری بە راهێنان و مەشق هەیە و پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵاتیش بەرەو پێشتر چووە و ئەمریکا بۆ کوەیت هاوڕێیەکی بەهێز و پشتیوانێکى گەورەیە و بەردەوامەلە پشتیوانیکردنی.
رۆژنامە تورکییەکان

میللییەت
داوادەکرێت ئەحمەد ئۆزەر بە 15 ساڵ زیندانی سزا بدرێت
لە چەند رابروودا ئەحمەد ئۆزەر سەرۆکی شارەوانی ئەسانیوڕت لە ئیستانبوڵ، بە تۆمەتی ئەندامبون لە پەکەکە و کەجەکە دەستگیرکرا، قەیوم لە شوێنی دانرا.
لەئێستادا داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ دۆسیەى ناوبراوی ئامادەکردووە و داوادەکات بە 15 ساڵ زیندانی سزابدرێت.
ئۆزەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024 دا بە هاوپەیمانی دەم پارتی و جەهەپە هەڵبژێردرا. پێشتر مامۆستای زانکۆ بووە و خاوەن چەندین کتێبی توێژینەوەیە لەسەر پرسی کورد.
ئاکیت
بازرگانییەکی دیکەی فەتحوڵا گولەن دەستیبەسەردا گیرا
لە ئۆپراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، دەست بەسەر زنجیرە شاورمەخانەکانی مەیدەنۆز دۆنەردا گیرا و 354 کەس دەستگیرکران بە پاساوی ئەوەی ئەو بزنسە خاوەندارێتییەکەى بۆ فەتحوڵا گولەنییەکان دەگەڕێتەوە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە، ئەو زنجیرە شاورمەخانانە داهاتیان بۆ بزووتنەوەى فەتحوڵا گولەن بووە.
یەنی بیرلیک
ئەردۆغان: لەپاش کۆنگرە درگای سەردەمێکی نوێ دەکەینەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاک پارتی و سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لەپاش بەستنی هەشتەمین کۆنگرەى پارتەکەى درگای سەردەمێکی نوێ لەو وڵاتە دەکەنەوە.
وابریارە سبەینێ هەشتەمین کۆنگرەى ئاسایی ئاک پارتی بەرێوەبچێت، ئەردۆغان وەک سەرۆکی پارتەکە دەستنیشانکراوە و هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرۆکی نوێی پارتەکە ناکرێت.
دونیا
هاتنى گەشتیاریی بیانیی روو لە زیادبوونە
لە مانگی رابردوودا دوو ملیۆن و 200 هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی تورکیایان کردووە و بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان رێژەى هاتنى گەشتیاری بیانی لە مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پار 6٪ زیادیکردووە.
زۆرترین گەشتیار لە وڵاتی ئێرانەوە هاتوون، لەپاش ئەوانیش
لە روسیاوە زۆرترین گەشتیار رووی لە تورکیا کردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
سەرۆکوەزیران گوێ بە ترەمپ نادات، کۆمەکی نوێ دەنێرێت بۆ ئۆکراین
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کەوتوەتە ئامادەکاری بۆ ناردنی گەڕێکی دیکەی یارمەتی بۆ ئۆکراین. سەرباری ئەوەی کە دەشزانێت سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت پەستان بخاتە سەر ئۆکراین بۆئەوەی مل بە چوونە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ رووسیادا بدات.
ئەم رۆژنامەیە زانیاریی دەستکەوتووە، کە سەرۆکوەزیران لە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر داگیرکارییەکەی روسیادا بۆ ئۆکراین بارێکی تری یارمەتی دەگەیەنێت بە ئۆکراین، ئەمجارە یارمەتیی سەربازییشی تێدایە.
تایمز
کۆمپانیای ئەپڵ و بەریتانیا ناکۆکییان هەیە لەسەر پاراستنی زانیارییەکانی بەکاربەران
حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت پرۆتۆکۆلی پاراستنی زانیارییەکانی بەکارهێنەرانی ئەو کۆماپانیا گەورەیە لەناو بەریتانیادا نەهێڵێت. بۆئەوەی بتوانێت دەستی بگات بە زانیارییەکانی ناو مۆبایلی بەکارهێنەرەکان.
بەگوێرەی رێکەوتنێک کە لەنێوانی حکومەتی بەریتانیا و کۆمپانیای ئەپڵدا کراوە، لەمەودوا خزمەتگوزاریی “ئەی دی پی – پاراستنی پێشکەوتووی زانیارییەکان” لەناو ئەو مۆبایلانەدا نامێنێت، کە ئەپڵ بۆ بەریتانیایان دروستدەکات.
کۆمپانیاکە ئەم خزمەتگوزاریی پاراستنی زانیارییانەی لەسەر داوای حکومەتی بەریتانی لابردووە، ئەگەرچی رەنگە ئەم هەنگاوەی حکومەت هەندێک کێشەشی لەگەڵ ئیدارەکەی ترەمپدا بۆ دروست بکات.
ئەم خزمەتگوزارییە لە ساڵی 2022 بەدواوە لەناو مۆبایلەکانی ئەپڵدا بەردەستە، رێگە نادات جگە لە بەکارهێنەرانی مۆبایلەکان خۆیان هیچ کەس و لایەنێکی دیکە دەستی بگات بە وێنە و ڤیدیۆی ناو مۆبایلەکاندا.

فاینەنشیەڵ تایمز
ئەوانەی لە دەستەڵاتەکەی ترەمپ هەڵدێن، پەنا بۆ مەدرید دەبەن
مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بووە بە موگناتیسێک،خەڵک کێش دەکات، ئەو کەسانەی لە دەستی ئیدارەکەی ترەمپ هەڵدێن و ئەمریکا بەجێدەهێڵن روو لەوێ دەکەن.
مەدرید لە ئێستادا برەوی زۆری پەیداکردووە، لەوێ یەک پێک شەرابی باش تەنها سێ یۆرۆی تێدەچێت، خۆری باشی لێیە، گزنگی بەیانیانەکەی زۆر جوانە، هونەری باڵا و خواردنی هەرزانی تێدا بەردەستە و ژیانکردن لەوێ زۆر لە لەندەن و پاریس هەرزانترە. ئەگەرچی شەپۆلی رەگەزپەرستی لە دژی گەشتیاران لەناو بەرشەلۆنەدا هەڵکشاوە، بەڵام هێشتاش خواستی نیشتەجێبوونی نوێ لەناو ئیسپانیادا هەر بەرزە.
یو ئێس ئەی توودەی
ئەمریکا ئەو مەسیحییە ئێرانییانە نانێرێتەوە کە مەترسی بۆ ژیانیان دروستدەبێت
لە ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان رەخنەیان لە ناردنەوەی پەنابەران هەیە.
ژنێکی گەنج لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا دەرکەوتووە زۆر نیگەرانە. ئەم ژنە لە ناو ژورێکی هۆتێلێکدا دانیشتوە هەشت کەستی تریش لە دەوری وەستاون، کە منداڵیشیان تێدایە. ژنەکە بۆ کامیرا قسەدەکات و دەڵێت هەموویان خەڵکی مەسیحیی ئێرانیین و لە نزیکی تیخواناوە سنوری ئەمریکا و مەکسیکیان بڕیوە و گەشتوون بە ناو ئەمریکا داوای مافی پەنابەرییان کردووە. کەچی هەموویان لەناو ئەمریکادا دەستگیرکراون. بە فڕۆکەیەکی سەربازی لەپاش شەش سەعات فڕین براون بۆ پەنەما بۆ ناردنەوە.
ئەم ژنە بە چاو و سیمای پڕ لە ترسەوە دەڵێت، هەموو کەیسی خواستی پەنابەرییەکانمان یاسایین، من خۆم یەکێک بووم لەو کەسە دیارانەی بەشداریی دەربڕینی ناڕەزاییەتیەکانم کردووە، بۆیە ئەگەر بماننێرنەوە ناو ئێران ژیانم پڕمەترسی دەبێت.
ئەم ژنە تەمەنی 27 ساڵە و ناوی ئارتەمیس قاسمزادەیە و مەسیحییە، بۆئەوەی بگات بە ئەمریکا، چووەتە ئەفغانستان، نیپاڵ، چین و چەندان وڵاتی دیکەی بڕیوە، تا پەڕیوەتەوە ناو ئەمریکا.
رۆژنامە فارسییەکان
خوب
ئەمریکا پێویستە ئێرانی ئەتۆمی قبووڵ بکات
ئەمریکا پێویستی بە دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەیە، چونکە ترەمپ دەیەوێت دەستکەوتێکی دیپلۆماسی هەبێت.
ئێران نزیکە لە دروستکردنی بۆمب، بۆیە ئەمە دەبێتە هۆی گوشاری زیاتر و ئەگەر واشنتۆن بە خێرایی هەوڵ نەدات، کاریگەریی خۆی لەدەست دەدات. هەرچەندە، دانوستانەکان قورسن، بەڵام شێوازی تایبەتی ترەمپ رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ رێکەوتن و کەمکردنەوەی سزاکان.
ئەگەر ئێران بەرەو چەکی ئەتۆمی بڕوات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەری، ئەمەش دەبێتە هۆی شەڕێکی گەورە لەبەر ئەوەی ئێران وڵاتانی دیکە هاندەدات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ئەمریکا رەنگە سوور بێت لەسەر پشکنینی هەموو دامەزراوەکان، تەنانەت هەڕەشەی سەربازی بەکاربهێنێت بەڵام شەڕ بە زیانی ئەمریکایە و پێویستە ئەو وڵاتە ئێرانی ئەتۆمی قبووڵ بکات و لەگەڵی رێککەوێت.

تەجارەت
ئێران لە شەش ساڵی داهاتوودا 12 ملیۆن خانووی نوێی پێویستە
بە گوێرەی یاسای بنەڕەتی ئێران، هەموو هاووڵاتییەک مافی هەیە خانووی هەبێت بەڵام بەهۆی قووڵبوونەوەی کەلێنی نێوان خواست و رێژەی دروستکردنی خانوو، ئەم مافە پشتگوێ خراوە.
ژمارەی دانیشتوان لە زیادبوونە و تا شەش ساڵی داهاتوو ئێران پێویستی بە 12 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون هەیە. شارەزایان پێیان وایە پێویستە دەوڵەت دەستوەردانی راستەوخۆی کەم بکاتەوە و زیاتر پشت بە کەرتی تایبەت ببەستێت، هەروەها زەوی بەخۆڕایی دابین بکات. کێشەی کەمی پارە و نەختینەیی وایکردووە پڕۆژەکان بە خاوی بەڕێوە بچن و نرخی خانوو بەرز بێتەوە.
پێویستە یاساکان هەموار بکرێنەوە بۆ ئەوەی رێگە بە شێوازی نوێی دابینکردنی پارە بدرێت، وەک فرۆشتنی پێشوەختە و فرۆشتنی مەتری.
هەروەها دەبێت یاسای فرۆشتنی پێشوەخت دابنرێت بۆ رێگری لە ساختەکاری.

ئەبرار
قەیرانی دەرمان بووەتە هۆی ئەوەی دوو کەس یەک دەرزی بەکار بهێنن
قەیرانی دەرمان ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی چارەسەری شێرپەنجە لە ئێران، بەتایبەتی بۆ منداڵان گەیشتووەتە لووتکە.
دکتۆر عەزیم مێهروەر، پسپۆڕی شێرپەنجەی منداڵان، دەڵێت، کە نرخی هەندێک دەرمان چەند قات زیادی کردووە و یەک دەرزی شێرپەنجە گەیشتووەتە 900 دۆلار.
ئەمەش وایکردووە کە هەندێک جار دوو نەخۆش یەک دەرزی بەکاربهێنن، کە ئەمەش هەم هەڵەیە و هەم ناتەندروستە.
ناوبراو دەڵێت: ئاماری تووشبوون بە شێرپەنجە لە منداڵاندا روو لە زیادبوونە و بەرزبوونەوەی تێچووی چارەسەر وایکردووە کە هەندێک خێزان چارەسەری منداڵەکانیان رابگرن، دۆخەکە “قەیراناوییە” و هۆکارەکەشی گەمارۆکانە کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر کەرتی تەندروستی داناوە.

ئارمانی ئێمروز
هەڵاوسان لە ئێران بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردوو تۆمار دەکات
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی مانگانە لەم مانگەدا گەیشتە 4.1%, کە بەرزترین ئاستە لە بەهاری ساڵی 2022ـەوە.
هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵیش35٪ بووە، واتە خێزانەکان بە تێکڕا 35% زیاتر لە ساڵی رابردوو خەرجییان کردووە بۆ هەمان کاڵا و خزمەتگوزاری.
هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم هەڵاوسانە بریتین لە، زۆریی نەختینەیی (چاپی پارەی کاغەز)، کەمیی بەرهەمی ناوخۆیی، سزاکان، سیاسەتی ئابووریی ناجێگیر و زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، پێشنیار دەکرێت: نەختینەیی کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەرهەمی ناوخۆیی پەرەی پێبدرێت، دانوستانی ئەتۆمی بکرێت، سیاسەتی ئابووریی درێژخایەن دابنرێت و تێچووی بەرهەمهێنان کەمبکرێتەوە.
ئەم هەنگاوانە دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان و باشترکردنی باری ئابووریی وڵات.