زووم..
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری رێکخراوی پتریکۆر بۆ مافی مرۆڤ لە لێدوانێکدا بە زوومی گوت، 32 روفاتی کوردانی ئێزدی کە زۆرینەیان خەڵکی گوندی کۆجۆن، ئەمڕۆ گەڕێندرانەوە شنگال و سبەی شەممە لە مەڕاسیمێکدا لەزێدی خۆیان بە خاک دەسپێردرێنەوە.
گوتیشی، روفاتەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دۆزراونەتەوە کە لە سەروبەندی هێرشی داعشدا زیندەبەچاڵ کراون، لەو 32 کەسەش 19 کەسیان خەڵکی کۆجۆن و 13 کەسەکەی دیکەشیان خەڵی ناوچە جیاجیاکانی قەزای شنگالن.
خەیری عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە حەوتەمین کاروانی گەڕانەوەی روفاتی کوردانی ئێزدییە کە تا ئێستا 274 روفات گەڕێندراونەتەوە و ناسێندراونەتەوە.
لە 3ـی ئابی 2014، چەکدارانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر قەزای شنگال و تەنها لە رۆژانی سەرەتای کۆمەڵکوژییەکەدا هەزار و 293 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 250 هەزار کوردی ئیزدی ئاوارە بوون و نزیکەی 120 هەزار ئێزدیش چوونە دەرەوەی وڵات.