زووم..
زوومی بەغداد گواستیەوە، بڕیارە سبەینێ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ بەشداری لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی، بگاتە بەغدادی پایتەختی عێراق.
سبەینێ کارەکانی حەوتەمین کۆنگرەی دایەلۆگی بەغدادی نێودەوڵەتی کارەکانی دەستپێدەکات و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، تێیدا بڕیار بەدەستان و شارەزایانی ئەکادیمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداری لە پانێڵەکانیدا دەکەن و دوا گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاووتووێ دەکرێت.
پانێڵەکانی رۆژی یەکەمی کۆنگرەکە تایبەت دەبێت بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان و رۆڵی لە پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا، لە رۆژی دووەمیشدا لەبارەی داهاتووی سوریا و تێڕوانینی نێودەوڵەتی و کێبڕکێی هێزە کاریگەرەکان لەسەر سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
رۆژی 15ـی ئەم مانگە فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیان بۆ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا ناردووە هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغداد بکات.