زووم..
حەوتەمین کاروانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کوردانی ئێزدی کە لە 32 روفات پێکدێت دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان لە شنگال.
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری رێکخراوی پتریکۆر بۆ مافی مرۆڤ لە لێدوانێکدا بە زوومی گوت، 32 روفاتی کوردانی ئێزدی کە زۆرینەیان خەڵکی گوندی کۆجۆن، ئەمڕۆ دەگەڕێندرێنەوە شنگال و سبەی شەممە لە مەڕاسیمێکدا لەزێدی خۆیان بە خاک دەسپێردرێنەوە.
گوتیشی، روفاتەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دۆزراونەتەوە کە لە سەروبەندی هێرشی داعشدا زیندەبەچاڵ کراون، لەو 32 کەسەش 19 کەسیان خەڵکی کۆجۆن و 13 کەسەکەی دیکەشیان خەڵی ناوچە جیاجیاکانی قەزای شنگالن.
خەیری عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە حەوتەمین کاروانی گەڕانەوەی روفاتی کوردانی ئێزدییە کە تا ئێستا 274 روفات گەڕێندراونەتەوە و ناسێندراونەتەوە.
لە 3ی ئابی 2014، چەکدارانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر قەزای شنگال و تەنها لە رۆژانی سەرەتای کۆمەڵکوژییەکەدا هەزار و 293 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 250 هەزار کوردی ئیزدی ئاوارە بوون و نزیکەی 120 هەزار ئێزدیش چوونە دەرەوەی وڵات.