زووم..
موقتەدا سەدر داوا لە شوێنکەوتوانی دەکات، کارتی دەنگدانتان نوێبکەنەوە. رۆژنامەی شەرقلئەوسەتیش دەڵێت، داواکەی سەدر ئاماژەیە بۆ بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، موقتەدا سەدر سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعە لە وەڵامی یەکێک لە شوێنکەوتوانیدا کە لەبارەی نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان پرسیاری لێکردووە و گوتویەتی، ئەوە پێویستە و سوودی هەیە، چ بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن یان بایکۆتی بکەن، بە دڵنیایەوە گرنگی بە نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان بدەن.
رۆژنامە ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای ئەوەی دوودڵی لە وەڵامەکەی سەدردا هەبووە، بەڵام پەیامێکە بۆ شوێنکەوتوانی و رای گشتی کە پێیان رابگەیەنێت کارتی دەنگدانیان نوێ بکەنەوە، ئەوەش یەکەم ئاماژەی سەدرە کە بۆ شوێنکەوتوانی ناردووە لەبارەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
بەرپرسێکی باڵای رەوتى نیشتمانیی شیعە سەربە سەدر بە رۆژنامەکەی گوتوە، بەشداری کۆتایی رەوتەکە لە هەڵبژاردنەکاندا بە شێوەیەکی بنەڕەتی و راستەوخۆ پەیوەستە بە بڕیاری کۆتایی سەدرەوە، بەبێ بڕیاری ئەویش هیچ شتێک رونادات.
دەشڵێت، زۆربەی نزیک و سەرکردەکانی رەوتەکە بێ ئاگان لە بڕیارەکەی سەدر، بەوپێیەی رەنگە لە هەر ساتێکدا بێت بڕیاری بەشداریکردن بدات و پێداگر بێت لە هەڵوێستەکەی.