زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز: مەسک دەڵێت ترەمپ راستدەکات، زێلینسکی دیکتاتۆرێکی قێزەونە
شەوی رابردوو ئیلۆن مەسک لەبارەی زێلینسکییەوە قسەی کرد، گوتی ئەو کابرایە ئامێرێکی پارەقۆستنەوەی گەورەیە، کاسبی بە تەرمی سەربازە کوژراوەکانی ئۆکراینەوە دەکات. لەبەرئەوە ترەمپ چاکی کرد کە لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا لەگەڵ مۆسکۆدا فەرامۆشی کرد.
مەسک، ئەم ملیاردێرەی بواری تەکنەلۆژیای سەردەم، کە زۆر لە ترەمپەوە نزیکە و راوێژکاریشیەتی، گوتی بڕیارێکی باشە هەڵبژاردن لە ئۆکراین ئەنجام بدرێت، لەبەرئەوەی ئیتر خەڵکی ئۆکراین لە سەرۆکەکەیان بێزاربوون، ئەو کەسێکی قێزەونە.
گاردیەن: وەزیری دەرەوەی بریتانیا بە رۆژئاوا دەڵێت بە هەوڵەکانی ڤلادیمێر پوتین هەڵمەخەڵەتێن
دەیڤدلامیی وەزیری دەرەوەی بریتانیا دەڵێت پێویستە رۆژئاوا بە هەوڵەکانی ڤلادیمێر پوتین هەڵنەخەڵەتێت، ئەو کابرایە دەیەوێت هەوڵە ئیمپریالیستییەکانی خۆی وەک کاری عەقڵانی و پراگماتی پیشانی ئێوە بدات. بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا کێیە ستامەری سەرۆکوزیرانی بریتانیا بەسەردانێک بگات بە واشنتن، بۆئەوەی لەبارەی کێشەی ئۆکراینەوە گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپدا بکات. لامی گوتی وڵاتەکەی ئامادەیە گوێ لە رووسیادا بگرێت، بەڵام هێشتا گومانیان لەوە هەیە سەرۆکایەتییەکانی رووسیا ئامادەبن بچنە ناو پرۆسەیەکی ئاشتیی درێژخایەنەوە.
ئۆرشەلیم پۆست: تەقینەوەی پاسەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتەوە
شەوی رابوردوو لە ناوچەی بات یام چەند بۆمبێک لەناو چەند پاسێکی وەستێندراودا تەقینەوە، لێکۆڵەرەوەکان پێیانوایە، کە ئەوە کارێکی تیرۆریستییانەی رێکخراو بووبێت، بەڵام دەشڵێن هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتۆتەوە. پۆلیس دەڵێت لەوەناچێت کەس لە روودانی ئەو هێرشەدا بریندار بووبێت. چونکە لەوەدەچێت پاسەکان کاری رۆژانەی خۆیانیان تەواوکردبێت، لە پارکێکدا راگیردرابن، دواتر تەقاندنەوەکەیان روویدابێت. شەوی رابوردوو گوترا، ئەوەی روویداوە گوماندەبرێت هەوڵێکی تیرۆریستییانە بووبێت. بەڵام جارێ کەس لەسەر رووداوەکەش دەستگیر نەکراوە.
عەرەب نیوز: پادشای سعوودیە داوای کۆبونەوەی سەرکردەکانی عەرەب دەکات.
پادشای سعوودیە داوای لە سەرکردەکانی وڵاتانی هاریکاریی عەرەبی و ئوردن و میسر کردووە لە پێش دیدارەکەی چواری ئادارەوە، کە بڕیارە لە میسر رێکبخرێت، ئامادەی کۆبونەوەیەک ببن. مەبەست لە کۆبونەوەکە کارکردنی هاوبەشە بۆ دانانی پلانێک بۆ ئاوەدانکردنەوە غەزەی پاش شەڕ.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی عەرەبی و ئوردن و میسر لە ریازی پایتەختی سعوودیە کۆببنەوە. چوونی ئەو نوێنەرانە لەسەر بنەمای بانگهێشتێکە، کە محەمەد بین سەلمانی پادشای سعوودیە ئاراستەی کردوون. بەپێی راگەیاندنێکی پادشایی، کە لە ئاژانسی هەواڵی سعوودیەدا بڵاوکراوەتەوە، ئەم دیدارەی ئەمڕۆ فەرمی نییە، بەڵکو برایانەیە و پێکەوە کۆدەبنەوە و هەر درێژەی ئەو جۆرە دیدارانەیە، کە چەندان ساڵە ئەم کەسایەتییانە پێکەوە کۆدەبنەوە، تێیدا جەخت لەسەر پتەویی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە ئامادەسازییش دەکەن بۆ دیداری باڵای داهاتووی نێوانیان.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو: ئیمامئۆغڵو سێ هێندە پشتیوانی بۆ کاندیدبونی بۆ سەرۆککۆمار بەدەستهێناوە
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ بۆ ئەوەى کاندیدی پارتەکەی بێت بۆ هەڵبژاردنى داهاتووی سەرۆککۆمار لە تورکیا، پێویستی بە 20 ئیمزای پشتیوانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتەکەی هەبووە بەڵام ئەو لەماوەى 24 کاتژمێردا سێ هێندە پشتیوانیبەدەستهێنا و توانی 60 ئیمزا کۆبکاتەوە.
وابڕیارە ئەمڕۆ ئیمامئۆغڵو سەردانی بارەگای سەرەکی جەهەپە بکات و فۆڕمی کاندیدبونی خۆی بۆهەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی پڕبکاتەوە.
یەنی شەفەق: ئاک پارتی یاریدەدەرێک بۆ کاروباری کۆمارە تورکەکان دادەنێت
وا بڕیارە لە 23 ى مانگ ئاک پارتی هەشتەمین کۆنگرەى ئاسایی خۆی ببەستێت. بەگوێرەى زانیارییەکان چاوەڕێ دەکرێت سەدا 50 ى ئەندامانی ئاک پارتی لە کۆنگرەکەدا گۆڕانکارییان بەسەردابێت.
هاوکات لەوکۆنگرەیەدا ئاک پارتی کەسێک دەستنیشاندەکات وەک یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی تایبەت بە کاروباری کۆمارە تورکەکان، مەبەست لە زیادکردنی یاریدەدەرێکی دیکەبۆئەوەیە تاکوو پەیوەندی نێوان تورکیا و کۆمارە تورکەکان پتەوتر بکرێت.
ئەڤرەنسەل: پێویستە رێگەبدرێت زمانی کوردی لە دامەزراوە فەرمییەکاندا بەکاربهێنرێت
ئەمڕۆ 21 ی شوبات رۆژى جیهانیی زمانی دایکە. شەرەفهان جزیرلی گوتەبێژى پلاتفۆڕمی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان رایگەیاند زمانی دایک مافێکی رەوای گەلانە و بە هیچ جۆرێک سازشی لەسەر ناکرێت. راشیگەیاند پێویستە رێگە بدرێت زمانی کوردی لە دامەزراوە فەرمییەکاندا بەکاربهێنرێت.
یەنی ئاسیا: لە سێ مناڵ یەکیان بە سکی برسی دەچنە خوێندنگە
بەگوێرەى راپۆرتێکی نوێی سەندیکای پەروەردە بەهۆی قوڵبونەوەى قەیرانی ئابووری و گرانیی، لە سێ مناڵ یەکیان بە سکی برسی دەچن بۆ خوێندگە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە خێزانەکان هەژارن و لە سێ مناڵ یەکیان بەیانیان بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بخوات دەچێت بۆ قوتابخانە.
لە راپۆرتەکەدائاماژە بەوەشکراوە سەدا 19 پۆینت دووی خوێندکاران بەهۆی بێ پارەییەوە لە هەفتەیەکدا رۆژێک بە سکی خاڵی دەچێتە جێگاوە.
هاوکات هاوکارییەکانی حکومەت بۆ ئەو خێزانانە هەژارانەی خوێندکاریان هەیە لەماوەى 13 ساڵدا سەدا پێنج پۆینت پێنج هێندە زیادیکردووە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: محەمەد بن سەلمان بۆ پوتین: پابەندین بە بەدیهێنانى ئاشتیی بۆ جیهان
محەمەد بن سەلمان، شازادەى جێنشینی سعودیە و وەزیری دەرەوەی ئەو ووڵاتە، پابەندیی خۆیان بۆ هێنانەدی ئاشتى بۆ جیهان دووپات کردەوە و سوپاسی هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى روسیا کرد بۆ ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیەى لە ریاز بەرێوە چوو بۆ کۆتایهێنان بە ئاگربەستى جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین.
پەیوەندییەکى تەلەفۆنیشس لە ڤلادیمێر پوتینەوە پێگەیشت و سوپاسی بۆ ئەو هەنگاوە کرد.
قودسی عەرەبی: هێرشەکانى ترەمپ و ماسک بۆ سەر زیلینسکی بەردەوامن
رەنگە سەردانەکەى نێردەى ئەمریکا بۆ کیێڤی پایتەختى ئۆکراین نەیتوانیبێت گرژییەکانى نێوان ئەمریکا و ئۆکراین بڕەوێنێتەوە، بەتایبەت کە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و ڤۆڵدیمێر زیلینسکى سەرۆکى ئۆکراین دروست بووە.
ترەمپ گوتبوی ئەمریکا 350 ملیار دۆلاری لە ئۆکرایندا حەرج کردووە، ئەو ووڵاتە دەبێت لەبری ئەو پارەیە کانزا بەنرخەکان بداتە ئەمریکا.
عەرەبی جەدید: عێراق ئامادەکاریی بۆ فشارەکانى ئەمریکا دەکات
عێراق ئامادەکاریی دەکات بۆ فشارە نوێبەکانى ئەمریکا، جگە لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەو وڵاتە، کارتێکی دیکەى فشاری واشنتن هەیە لەسەر بەغداد، ئەویش چەکداماڵین و هەڵوەشانەوەى گروپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێرانە.
ئەمریکا دەیەوێت بە فشاری دارایی و سزا ئابووریی و بانکییەکانى سەر عێراق، حکومەتی عێراقی تەنگەتاوبکات گروپە چەکدارییەکانى سەر بەئێران لەو ووڵاتە چارەسەربکرێت، ئەوەش بە هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینیان، بۆ ئەوەش بە سزادانى دارایی چەند بانکێکی ئەو ووڵاتە دەستى بە فشارەکان کردووە.
عەرەب: ئایا پلانە عەرەبییەکە پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوەیە!
محەمەد بن سەلمانی پادشای سعوودیە داوای ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو و میسر و ئوردن کردووە، کە ئەمڕۆ لە دیدارێکی لوتکەدا، لە ریاز کۆببنەوە. واچاوەڕواندەکرێت گفتوگۆ لەسەر پلانی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەزە بکەن، بەڵام چاودێران پرسیاریان لەلا دروست بووە، دەپرسن داخۆ ئەو پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەیەی ئەوان باسیدەکەن بۆ رووبەڕووبونەوەی مەترسیی کۆچپێکردنی خەڵکی غەزەیە، بەوشێوەیەی کە ترەمپ داوایدەکات، یان پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوەیە مەبەستی سیاسیی لە پشتەوەیە، یان هەوڵێکی سیاسیی روونە بۆ دابەشکردنی دەستکەوتەکانی جەنگێکی پڕ لە تراژیدیا، کە خەڵکی غەزە باجەکەییان داوە!