زووم..
دیسانەوە کێشە دەکەوێتە نێوان هەولێر و بەغداد، تەیف سامى لەسەر بنەماى نووسراوێکى سودانى داواى لە هەرێمى کوردستان کردووە لەگەڵ لیستى مووچەى ئەم مانگەدا داهاتى نەوتی تانکەریش بنێرن.
وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێک کە لە 17ـی ئەم مانگە بە واژۆى تەیف سامى دەرچووە، سێ داواکارى بەپەلەى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کردووە.
لە خاڵى یەکەمدا داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات، لەگەڵ لیستى مووچەى مانگى دوودا زانیاریی تایبەت بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکات، بەگوێرەی رێنماییەکانی دادگای فیدراڵی.
لە خاڵى دووەمدا داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات تەواوی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی بخاتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان، نەک تەنها ئەو 51 ملیارەی لە 12ی ئەم مانگەدا وەک داهاتى مانگى یەگ رادەستیکردووە.
نووسراوەکە کە پەرلەمانتار سۆران عومەر بڵاویکردووەتەوە، لە خاڵى سێیەمدا داواى داهاتی نەوت لە هەرێمى کوردستان دەکات و داوا دەکات بخرێتە سەر ئەو ژمارە بانکییەی لە بانکی ناوەندی بۆ ئەو مەبەستە دانراوە.