زووم..
مامۆستایان فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن، رۆژی یەک شەممەی داهاتوو چاوەڕێی چالاکییەکی جیاوازیان بن، ئەویش بە پەکخستنی سەرچاوەی داهاتە نایاساییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بایکۆت بڕیاری خۆڕسکانەی مامۆستایانە و هیچ کەس ناتوانێت لەجیاتی ئەوان بڕیار بدات و لەژێر هیچ فشار و بەڵێنێکی ساختەدا بایکۆت بە مامۆستایان بشکێنێت.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی بانکی ناوەندی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کەمتەرخەم دەزانن، کە تا ئێستا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ نەکراوە. دەشڵێن، هەژماری من رەتدەکەینەوە و متمانەمان پێی نییە.
هەروەها داوای تەوتینکردنی مووچەکانیان لەرێگای بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، دەسەڵاتدارانی یەکێتی لەژێر هیچ ناو و بیانویەکدا هەژماری من بە مامۆستایان و فەرمانبەران پڕ نەکەنەوە و ئیتر کاتییەتی خۆیان لەنێوان هەژماری من و تەوتیندا یەکلایبکەنەوە و راستگۆبن لەگەڵ بانگەشەکانی هەڵبژاردندا.
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەشڵێت، لە 10 ساڵی رابردوودا 16 مانگ مووچەیان پێنەدراوە و 44 مانگیش بەناوی جواروجۆرەوە بڕێکی زۆری مووچەی مووچەخۆرانیان بڕیوە و لە 2016ـەشەوە پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆرانیان راگرتووە.