زووم..
ئەو جووتیارە کوردەی لە گوندی شەناغە سەربازێك بە ملپێچەكەی ئازاریدا سكاڵای لەسەر تۆماركرد و دەڵێت، دەیەوێت جگە لە سەربازەکە، ئەوانەشی بڕیاریانداوە ئەو كارە بكرێت سزا بدرێن.
رۆژی دووشەممەی رابردوو کاتێک جووتیارانی کورد لە گوندی شەناغەی سەر بە سەرگەڕان، سەرقاڵی کێڵانی زەوییەکانیان بوون، سوپای عێراق هەوڵیدا رێگرییان لێبکات و بەهۆی درووستبونی گرژییەوە، سەربازێک هێرشیکردە سەر محەمەد ئەمین و بەملپێچەکەی راکێشرا و ئازاری پێگەشت، ئەوەش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەهەمان رۆژدا سەربازەکە دەستگیرکرا.
محەمەد ئەمین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئامانجی لە تۆماركردنی سکاڵاکە بۆ ئەوەیە كە هێزەکەی عێراق سزا بدرێت، چونکە لەبری پاراستنی سنورەکە لە داعش، دەستدرێژیان كردە سەر جووتیاران و سەربازێکیان بەوشێوە ناشیرینە مامەڵەی لەگەڵدا كردن.
دەشڵێت، هیوادارە کەیسەکەی ببێتە پەند بۆ تەواوی ئەوانەی دەیانەوێت کارێکی لەو شێوەیە بەرامبەر جوتیارانی کورد بکەن، بەتایبەت ئەو هێزانەی لەو سنوورەن و مامەڵەیەکی خراپ بەرامبەر جوتیارانی کورد دەکەن.