زووم..
سەرچاوەیەکی نزیک لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ بە زوومی گوت، چەند رۆژێک لەمەوبەر تورکیا لەڕێی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی ناسراو بە میت، پەیامێکى بۆ بافڵ تاڵەبانی ناردووە، داوای لێکردووە، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ بە جێگری خۆی وەکو جێگری سەرۆکی یەکێتی دابنێت.
ئەو سەرچاوەی قسەی بۆ زووم کرد دەڵێ، بافڵ داواکارییەکەى تورکیای رەتنەکردووەتەوە، بەڵام دەیەوێ، سیغەیەکى بۆ بدۆزێتەوە و سێ جێگر بۆ خۆى دابنێ، یەکێکیان بۆ بازنەى هەولێرییەکان و دەرباز بێ دابنرێ، جێگرێکى دیکە بۆ بازنەی بادینان و ئەوى دیکە بۆ بازنەى کەرکوک.
زووم دەزانێ دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەم پلانەى بافڵ تاڵەبانى رەتکردووەتەوە و بە بافڵ تاڵەبانى گوتووە، بەوشێوەى تۆ پێتباشە، جێگرەکان دەسەڵاتى بازنەیان دەبێ و منیش ئەوەم قبوڵ نییە، دەبێ یەک جێگر هەبێ، بە تەواوى دەسەڵاتەکانییەوە و بۆ من بێ.
یەکێتی لە دواى فشارەکانى تورکیا بۆ سەرى، چەند مانگێکە هەوڵدەدات پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە.. ساڵى رابردوو یەک دوو جار بافڵ تاڵەبانى لەگەڵ شاندى تورکیا بە نهێنى کۆبووەتەوە، رۆژى 9ـى مانگى رابردووش لە بەغداد لەگەڵ میتى تورکیا کۆبووەوە.
سێ رۆژ پێش ئێستا بافڵ تاڵەبانى، لە پەراوێزى کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەڕێى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە پەیامى بۆ هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا نارد دەیەوێ لەگەڵى کۆببێتەوە، بەڵام زووم دەزانێ، هاکان فیدان داواکارییەکەى رەتکردەوە.