زووم..
بەهۆی هەژارییەوە، فرۆشتنی پیاز و پەتاتە و زۆرێک لە خواردەمەنی و پێداویستییەکانی رۆژانە بە شێوەی قیست لە ئێران بووەتە دیاردە.
رۆژنامەی ئەسکەناسی فارسی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە فرۆشتن بە قیست لەنێو خەڵكدا بازاڕێكی گەرمی هەیە، خێزانەكان بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكی و تەنانەت لاوەكییەكانیشیان، پەنای بۆ دەبەن.
لە ساڵانی رابردوودا، ئۆتۆمبێل، زێڕ و كەلوپەلی ناوماڵ بە قیست دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا برنج، گۆشت، مریشك، پەتاتە و پیازیش بە قیست دەفرۆشرێت.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوەشدەکات، بەرزبوونەوەی بێسنووری نرخەكان وایكردووە هەندێك لە ئەپڵیكەیشنەكانی كڕینی ئینتەرنێتی، دەست بكەن بە فرۆشتنی خۆراك بە قیست، وەك پیاز و پەتاتە.
هەروەها خێزانەكان بە تایبەت چینی كەمدەرامەت و مامناوەند، توانای كڕینی ئەو خۆراكانەیان نییە كە رۆژانە نرخەكانیان زیاتر بەرزدەبنەوە، بۆیە ناچارن پێداویستییەكان بە قیست بكڕن.