زووم..
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی گوتووە، کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە پێکهاتەی سوریا و قوربانییەکی زۆریداوە و ئامادەن زیاتر ببەخشن، بەڵام ئێستا کاتی وەرگرتنەوەی مافی تەواوی پێکهاتەکانە بەتایبەت گەلی کورد.
دەشڵێت، بەشداری تەواوی سورییەکان لە دایلۆگی نیشتمانی پرسێکی بنەڕەتییە بۆ رەخساندنی زەمینەکی لەبارە بۆ چارەسەری سیاسی بەردەوام کە دووربێت لە ململانێی سەربازی و دابەشکاری جوگرافی، هەروەها پێویستە دەستوورێک بنوسنەوە جیاوازیی نەکات لە نێوان گەلی سوریا.
ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت، گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لەنێوان حكومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر بە پابەندبوونی هەموو لایەنەکان دەبێت بە چارەسەری سیاسی و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی هەر ئاوارەیەک بۆ سەر ماڵوموڵكی خۆی.
پێشوازیش لە سەردانەکەی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ عەفرین کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، پێیوایە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.