لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێر گەڕایەوە بۆ بردنەوەکانی و لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە نەجەفی بردەوە.
لە یەکێک لە یارییەکانی هەفتەی ٢١ی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی نەجەف لە یاریگای خۆی میوانداری یانەى هەولێری کرد.
تایمی یەکەم یانەی نەجەف باشتر دەرکەوت، بەڵام هەولێر دەستپێشخەری گۆڵکردنی کرد و لە خولەکی ٣٨ یوسف بن سۆدە گۆڵی یەکەمی یارییەکەی تۆمارکرد.
پێش تەواو بوونی یارییەکە و لە خولەکی یەکی زیادکراودا دۆمێنیک مێندی گۆڵی یەکسانی یارییەکەی تۆمار کردەوە.
تایمی دووەم یارییەکە زیاتر بەهێزی بەخۆیوە بینی، جارێکی دیکە بەرگ زەردەکانی قەڵا و منارە لە رێگەی یوسف بن سۆدەوە لە خولەکی ٧٩ گۆڵی دووەمی یارییەکەی تۆمار کرد و یارییەکەش بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە سودی هەولێر کۆتایی هات.
بەو بردنەوەیە هەولێر بە ٣٢ خاڵ بە کاتی چووە پلەی حەوتەمی ریزبەندی و نەجەفیش بە ٢٦ خاڵ بە کاتی لە پلەی ١٣ دایە.