زووم..
ئەمڕۆ، دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بڕیاریدا، ئەو هەشت تیکتۆکچییەی لە سلێمانی دەستگیرکراون، تاوەکو سێی مانگی داهاتوو لە زیندان بمێننەوە.
عەقید سەلام عەبدولخالق گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە زوومی گوت، دادگا بڕیاریداوە بە راگرتنی ئەو تیکتۆکچیانەی کە دەستگیرکراون و تیکتۆکچییەکانیش لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەمێننەوە، تاوەکو دادگا بڕیار لە کەیسەکانیان دەدات.
سەرچاوەیەکیش لە ئاسایشی سلێمانی بە زوومی گوت، هەموو ئەو تیکتۆکچییانە دەستگیردەکرێن، کە بابەتی ناشیاو بڵاودەکەنەوە و 40 تیکتۆکچی دیکەش دەستنیشانکراون و بڕیاری دادگا هەیە بۆ ئەوەی دەستگیربکرێن.
رۆژی 17ـی ئەم مانگە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، هەشت کەسیان بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکردووە كە لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیانەوە، بابەتی نەشیاویان بڵاوکردووەتەوە.