زووم..
كهشناسیی پێشبینی دەکات، شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و ماوەی چوار رۆژ بخایەنێت.
كهشناسیی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ناوچەکانی هەرێم دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆڵێکی بەفر و باران و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما كە کاریگەری ئەم کەشە زستانیە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە درەنگانی ئەمشەوەوە تا ڕۆژی یەکشەممە بەردەوامی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور زۆرترین کاتی دابارین لە ڕۆژی پێنجشەممە پێشبینیدەکرێت، هەروەها لەگەڵ دەستپێکردنی بارانبارین لەسەر ناوچە سنووریەکان، بەفربارینیش دەستپێدەکات، پاشان لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەواییەکی ساردتر بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و نیمچە شاخاوییەکان و سەنتەر و قەزای ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگای دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و زاخۆ دەبارێت.
پێشتریش سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی بە زوومی گوتبوو، لە پێنجشەممەوە شەپۆلێکی سەختی سەرماوسۆڵە روو لە هەرێم دەکات و پلەکانی گەرما زیاتر دابەزێت و لە هەندێک ناوچە دەگاتە ئاستی بەستن.