زووم..
سکرتێری پارتی چەپی کورد لە سوریا رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی حزبە کوردییەکانی رۆژاڤا و ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی یەکگرتووی کوردی بەردەوامە.
محەمەد موسا، سکرتێری گشتیی پارتی چەپی کورد لە سوریا بە ئاژانسی هاواری گوتوە، بۆ بونیاتنانی هەڵوێستێکی سیاسی هاوبەشی یەکگرتوو لەنێوان حزبە کوردییەکانی رۆژاڤا هەوڵی زۆر دراوە، لەوانەش ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کورد ئەنەکەسە ئەنجامیانداوە، هەروەها سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ هەولێر.
دەشڵێت، شاندی ئەمریکا و فەرەنسا بۆ یەکهەڵوێستی کورد کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی کوردی رۆژاڤا کردووە، لایەنە کوردییەکانیش دەیانەوێت بە دیدێکی هاوبەش و شاندێکی یەکگرتوو بچنە دیمەشق و بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق دانوستان بکەن.
بە گوتەی محەمەد موسا، تا ئێستا لەنێوان یەکێتی نیشتمانی کوردی و ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی هیچ رێکەوتنێک نەکراوە، بەڵام هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێکەوتن بەردەوامە و خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە.