زووم..
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە رۆژنامەی سەباحی گوتوە، رێکارەکانی وردبینی دارایی بۆ ئەو کۆمپانیایەی راسپێردراوە بۆ نێوەندگیری گواستنەوەی غازی تورکمانستان بۆ عێراق، تەواوکراوە و ئەوەش بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستەی نێوانیان و چارەسەرکردنی کێشەی کەمی غازی ئێرانی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەحمەد موسا دەڵێت، ژمارەیەک وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەغداد و فوراتی ناوەڕاست بەهۆی وەستانی هەناردەی غازی ئێرانەوە بۆ عێراق لەکارکردن وەستاون و بەهۆیەوە هەشت هەزار مێگاوات کارەبایان لەدەستداوە و ماوەی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان كەمبوەتەوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، بەگوێرەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکمانستان رۆژانە 20 ملیۆن مەتر سێجا غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق دەنێرێت و پارەکەشی لەڕێگەی بانکی تی بی ئای عێراقییەوە رەوانە دەکرێت.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەخشینی عێراقی لە سزاکانی سەر ئێران هەڵوەشاندەوە و بەوەش عێراق چیتر ناتوانێت غاز و کارەبای ئێران بکڕێت.