زووم..
ماوەی پێنج رۆژە شاندی ئیمراڵی لە هەرێمی كوردستانە و بڕیارە ئەمڕۆ شاندەكە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، گۆڕانکاری لە بەرنامەکانی شاندی ئیمراڵی کراوە و بڕیاربوو دوێنێ 18ی مانگ بگەڕێتەوە بۆ باکووری کوردستان، بەڵام شاندەکە ئەمڕۆ بۆ گەیاندنی پەیامی ئۆجالان لە16ی مانگ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە 17 مانگ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان كۆبووەوە و پەیامی ئۆجالانیان بە بارزانییەکان گەیاند و رایگەیاند، دیدارەکانیان لە هەولێر ئەنجامی باشی هەبووە و بارزانی و سەرۆكی هەرێم پشتیوانیان بۆ چارەسەری ئاشتی لە توركیا دووپاتكردووەتەوە.
هەروەها شاندەکە لە 18ی مانگ لە دەباشان سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان کرد و رایگەیاند، کورد بۆ پڕۆسەی ئاشتی یەک دەنگە. هاوكات بافڵ تاڵەبانیش لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، پشتگیری هەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە مافی کورد لە تورکیا بپاریزێت و هاوکاری سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبن.
بڕیارە شاندەکەی ئیمراڵی ئەمڕۆ لە دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی بگەڕێتەوە باکوری کوردستان.