زووم..
رۆژنامە فارسیەکان
ئاسیا
رازاندنەوەی کرماشان بۆ پێشوازیی نەورۆز دەستی پێکردووە
مەهدی هیدایەتزادە، سەرۆکی رێکخراوی دیمەن و سەوزایی شاری کرماشان، دەڵێت، کە جوانکاریی شاری کرماشان بۆ پێشوازیی نەورۆز دەستیپێکردووە.
یەکێک لە کارەکان دانانی هێمای نوێیە لە هەشت ناوچەی شارەداری، هێما کۆنەکان لادەبرێن و نوێیەکان دادەنرێن. هەروەها رەنگکردنی شەقام، وێنەکێشان لەسەر دیوار، دانانی فەرشی گوڵ، رووناککردنەوەی پرد و مەیدانەکان و شەقامەکان لە بەرنامەکاندایە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەلەبەرچاوگرتنی هاتووچۆی زۆری گەشتیاران لە شەقامی تاق وەسان، پلانی تایبەت وەک نوێکردنەوەی کەلوپەلی شار و دانانی سفرەی حەوت سین دانراوە.
هەروەها وێنەی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی پارێزگا لە چەند شوێنێکی شاردا لەسەر دیوارەکان دەکێشرێت.
ئەبرار
بەهۆی سنووردارکردنی گومرگی عێراقەوە هەناردەکردن لە ئیلام کەمبووەتەوە
هەناردەکردنی نا نەوتی لە سنووری ئیلام بۆ عێراق بە هۆی گۆڕانکاری لە سیستەمی سنووری و زیادبوونی باجی گومرگی لە عێراق کەمبووەتەوە.
روحوڵڵا کەمەری، بەرپرسی گومرگی ئیلام دەڵێت، ئەم گۆڕانکارییانە، ئامادەیی بازرگانانی عێراقی بۆ کەڵک وەرگرتن لە سنووری مێهران کەمکردووەتەوە و ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی هەناردەی کاڵاکان و زیادکردنی باج و ستانداردە نوێیەکانی توندتری بارهەڵگرەکان لە هۆکارەکانی ئەم کەمبوونەوەیەن.
هەروەها دەڵێت، سنووردارکردنی نوێی بارهەڵگرەکان و زیادکردنی باجی هاوردە بە رێژەی 100٪ بووەتە هۆی ناڕەزایی شۆفێران و کاسبکارانی عێراقی بۆ هەڵبژاردنی رێگای بەدیل.
ئێمروز
دەسەڵاتدارانی ئێران هۆشداریی کورتهێنانی وزەیان بەهۆی سەرما راگەیاند
هۆمایون حایەری بریکاری وەزیری کارەبا و وزە لە ئێران، داوای لە خەڵک کرد لە هەڵمەتی “دوو پلە کەمتر” بەشداری بکەن و به پاشەکەوتکردنی کارەبا و غاز، هاوکار بن بۆ پاراستنی بەردەوامیی تۆڕەکانی کارەبا و غاز.
حایەری ئاماژەی بە پێشبینی شەپۆلێکی چڕی سەرما لە 19 پارێزگای ئێران کرد کە لەوانەیه پلەکانی گەرما بگاتە سی پلەی سلیسی.
ئەم دۆخەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بەکارهێنانی غاز بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکان و فشار دەخاتە سەر پێدانی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا.
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی وزە بە رێژەی 15٪ دەتوانێت پشتگیری لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا و سەقامگیریی تۆڕی کارەبا بکات.

تەجارەت
هیواکان بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی چل ساڵە لە تورکیا زیادیکردووە
چاوەڕوان دەکرێت ئۆجالان بەم زووانە بڕیار لەسەر پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا بدات
مەسعود بارزانی، رەنگە ببێتە نێوەندگیری نێوان تورکیا و پەکەکە، ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت و گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرە دەستپێبکات.
پێشنیاری هاوپەیمانەکەی ئەردۆغان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری.
ئەردۆغان رەنگە بۆ پەسەندکردنی دەستووری نوێ، پێویستی بە پشتیوانیی کوردەکان بێت و ئەوەش هیواکانی زیادکردووە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی چل ساڵە لە تورکیا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
رەنگە زێلینسکی ببێت بە قوربانیی پرۆسەی ئاشتی و پۆستەکەی لەدەستبدات
ئەمریکا و روسیا رێکەوتننامەیەکی کاتی ئیمزادەکەن، بەندەکانی بریتین لە کۆتاییهێنان بەشەڕ، ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئیمزاکردنی پەیماننامەی ئاشتی.رەنگە بەشێک لە رێککەوتنەکە ئەوەبێت ڤلۆدیمێری زێلینسکی ناچار بکرێت قایل بێت هەڵبژاردنێک ئەنجام بدات، دووریش نییە هەڵبژاردنەکە ببێت بە هۆی لەدەستدانی پۆستەکەی خۆی. ئەمە بەشێکە لە ئەو لەیەکتر تێگەشتنەی لەنێوانی رووسیا و ئەمریکادا ئیمزاکراوە.
سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی روسیا و مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار لە ریازی پایتەختی سعودیە چاویان بە یەکتری کەوت، مەبەست لە دیدارەکەیان گەیشتن بوو بە کۆتاییەک بۆ ئەو شەڕەی لە ئۆکراین هەیە. لە پاش چوار کاتژمێری بەردەوامی گفتوگۆکردن هەردوولا گەشتوون بە ئەو لێک تێگەشتنەی، کە پێش ئەوەی ئاشتی لەو وڵاتەدا بگات بە دوا بەشی قۆناغی یەکەمی، هەڵبژاردنێکی گشتی لە ئۆکرایندا ئەنجام بدرێت.
تایمز
پاپای ڤاتیکان تووشی هەوکردنی سییەکان بووە
ڤاتیکان رایگەیاند، کە پاپا فرەنسیس لە هەردوو سییەکانیدا تووشی هەوکردن بووە و رەوشی تەندروستیشی هەتادێت بەرەو خراپتر دەچێت.
پاپا فرەنسیسی تەمەن 88 ساڵ رۆژی هەینی لە رۆما گەیەندراوە بە نەخۆشخانەی جیمیڵی و پزیشکەکانیشی دەڵێن، سییەکانی لە چەند شوێن تووشی هەوکردن بوون، ئەمە وادەکات بە خێرایی پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر ببێت.
ڤاتیکانیش دەڵێت، نەخۆشییەکە گەشتووە بە بۆریی هەناسەکانیشی، بۆیە رەوشەکەی نائارامە و دەستەڵاتی باڵای ڤاتیکانیش بەم بۆنەیەوە راگەیاندنێکی بڵاوکردۆتەوە.

گاردیەن
ئەمریکا و روسیا رێککەوتوون لەپاش شەڕی ئۆکراینەوە پەرە بە هاریکاریی ئابوریی نێوانی خۆشیان بدەن
دوێنێ بەرپرسانی ئەمریکی و روسیا گەیشتوون بە رێککەوتنێک، کە بە هەردوولایان بەدوای هەلی وەبەرهێنانی ئابوری لەگەڵ یەکتردا بگەڕێن.
وا رێککەوتوون، کە کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین بهێنن و ئەمجا کایەی پەیوەندیی ئابوری لەنێوانی خۆشیاندا بدۆزنەوە. دیدارەکەی دوێنێی سعودیە ئەم پێشهاتەشی لێ کەوتۆتەوە، کە بۆ بواری پەیوەندییەکانی نێوانی روسیا و ئەمریکا تازە و بێوێنەیە.
رێکەوتنەکەیان دوولایەنەکەیان خەمێکیشی فڕیداوەتە ناو گۆڕەپانی کییڤ و تەواوی وڵاتانی ئەوروپاوە، کە دۆناڵد ترەمپ هەنگاوێکی ناوە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی پوتین دەکات، هیچ کەسایەتییەکی بەرپرسی ئەوروپی یان ئۆکراینی ئامادەی ئەو دیدارەی نێوانی روسیا و ئەمریکا نەبوون.
عەرەب نیوز
گفتوگۆکانی سعودیە لە پێناوی ئاشتی و ئاسایشی جیهاندان
هەردوو وڵاتی بەشدار لە دیدارەکەی سعودیەدا رێککەوتوون لەسەرئەوەی شەڕی ئۆکراین کۆتایی پێبهێنن، هەروەها پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانی خۆشیان بدەن.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە دەڵێت، وەک هەوڵێک لەپێناوی بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانیدا، وڵاتەکەی میوانداریی گفتوگۆکانی سەر ئۆکراینی کردوە.
بە رێنمایی پادشا موحەمەد بن سەلمان، سعودیە بووە بە خانەخوێی ئەو میوانداریکردنە، لاڤرۆفی وەزیری دەرەوەی روسیا و مارکۆ روبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا میوان بوون.
فەیسەڵ بن فەرحانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە و راوێژکار میر موساعد ئەلعیبانی وەزیری کاروباری دەوڵەت ئاسایشی نیشتمانیی سعودی ئامادەی گفتوگۆکان بوون. پاشان روبیۆ رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی قایل بووە کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین بێت و پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانی مۆسکۆ و واشنتنیش بدرێت.
رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو
خەرجییەکانی کۆشکی کۆماریی پێنج هێندە زیادیکردووە
بە گوێرەى داتاکانی وەزارەتی دارایی خەرجییەکانی کۆشکی کۆماریی لە مانگی یەکی ساڵی رابردوو، 294ملیۆن لێرە بووە و لە مانگی یەکی 2025 دا خەرجییەکان گەیشتۆتە ملیارێک و سێ سەد ملیۆن لیرە، بەمەش خەرجییەکانی کۆشکی کۆماریی لەماوەى ساڵێکدا پێنج هێندە زیادیکردووە.
زیادبونی خەرجییەکانی کۆشکی کۆماریی لەکاتێکدایەزۆرێک لە لێقەوماوانی بومەلەرزەکە تائێستا لەنێو خەیمەدا ژیان بەسەردەبەن و
هاوکارییە داراییەکان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە لە 68 ملیار لیرەوە بۆ 10 ملیارلیرەی تورکی کەمکراوەتەوە.
جمهورییەت
ئیمامئۆغڵو بۆئەردۆغان: ئیتر وڵاتت بۆ بەڕێوەنابرێت
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ تاکو ئێستا 30 پەرلەمانتاری پارتەکەى بە فەرمی پشتیوانی خۆیان بۆ کاندیدبونی ئیمامئۆغڵو بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى سەرۆککۆمار راگەیاندووە.
ئیمامئۆغڵو سەردانی ناوچەی سیلیڤری لە ئیستانبوڵی کرد و بەشداری لە کردنەوەى 17 هەمین چێشتخانەى شارى کرد کە لەلایەن شارەوانییەکانی جەهەپەوە کراونەتەوە و خواردن بەنرخی گونجاو پێشکەش بە هاوڵاتیانی کەمدەرامەت دەکەن.
ئیمامئۆغڵو لەکاتی کردنەوەى چێشتخانەکەدا رایگەیاند، ئیتر سەرۆککۆمار ناتوانێت وڵات بەڕێوەبەرێت و گەلچاوەڕێی ئەوەیە بەزووترین کات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

یەنی بیرلیک
دەم پارتی: داواکاری بۆ سەردانی ئۆجالان پێشکەش دەکەین
تونجەر بەکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، شاندی ئیمراڵی پارتەکەمان بەم نزیکانە داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی داد دەکەن تاکوو بەم نزیکانە سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکیپەکەکە بکەنەوە.
بەکرهان گوتیشی، شاندەکە بۆ ماوەى سێ رۆژ لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە و لەپاش گەڕانەوەیان لە گەشتەکە،کۆبونەوەى ئەنجومەنی دەم پارتی ساز دەکەن تاکوو گفتوگۆ لەسەر دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی
هەرێمی کوردستان بکەن و لەپاش ئەوەش شاندەکە بۆ جاری سێیەم سەردانی ئیمراڵیدەکاتەوە.
ئەڤرەنسەل
لە تورکیا 22 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژارییەوەن
بە گوێرەى راپۆرتێکی نوێی دەزگای ئاماری تورکیا، لە کۆتا سێ مانگی ساڵی2024، لە تورکیا و باکووری کوردستان رێژەى بێکاریی لەو وڵاتە گەیشتۆتە28٪.
بەم ئامارە بێت 11 ملیۆن کەس لەو وڵاتە هیچ داهاتێکیان نییە و بە تێکڕا 22 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
حکومەت و پەرلەمانى عێراق دڵنیایی لە زامنکردنی مووچە دەدەن
حکومەت و پەرلەمانى عێراق، هەموو ئەو دەنگۆیانەیان رەتکردەوە، کە باس لە کورتهێنان دەکەن کاریگەریی لەسەر موچەى موچەخۆرانى عێراق و خانەنشینان و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتى دابنێت.
هەر دوێنێ وەزارەتى دارایی پارەدارکردنى موچەى مانگی دووی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتى راگەیاند، بەگوێرەى ئەو خشتەیەى دیاریکراوە، بەبێ هیچ کەموکورتى و دواکەوتنێکی ئەو پارەدارکردنە.
بەهەموو شێوەیەکیش ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کورتهێنان و کێشەى دارایی بۆ ئەو موچانە دروستبێت.

شەرقلئەوسەت
لوبنان پەنا دەباتە بەر یاسا بۆ گێڕانەوەی زەوى و ناوچە سنوورییەکانى
لوبنان پەنا دەباتە بەر یاسا بەرکارەکان بۆ گێڕانەوەى زەوی و ئەو پێنج ناوچە و خاڵانەى هێشتا ئیسرائیل پاشەکشەى لێنەکردووە، دوای ئەوەى رێککەوتنى ئاگربەستەکەی لەگەڵ ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەڵێت، مانەوەى ئیسرائیل لەو پێنج خاڵە سنوورییە، پیشێلکردنى بڕیاری 1701 ـە.
جۆزێف عەون، سەرۆکى ئەو ووڵاتەش دەڵێت، لوبنان دەیەوێت لەگەڵ ئەمریکا و فەرەنسا پەیوەندیی دیپلۆماتییەکانى بەردەوام بکات بۆ کشانەوەى تەواوەتى ئیسرائیل لەو ناوچە و سنوورانە و پشتبەستن بە بژاردنە دیپلۆماسییەکان، چونگە هیچ لایەنێک جەنگ ناخوازێت.

قودسی عەرەبی
هەسەدە دێتە نێو سوپای سوریا و دۆسیەى نەوت و زیندانەکانى داعش دەخاتە ژێر دەسەڵاتى دیمەشق
هێزەکانى سوریای دیموکرات و باڵی سیاسی ئەنجومەنى سوریای دیمەکرات مەسەدە و ئیدارەى خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، کە چەندین ساڵە کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەیان کردووە، لە کۆبوونەوەکیاندا چاەرنووسی چەکدارانى هەسەدە و دۆسیەى نەوت و گرتووخانەکانى داعش و بەردەوامیی گفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق تاو و توێکرد.
نەسڕەدین ئیبراهیم، ئەندامێکى مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانى مەسەدەیە، لە چاوپێکەوتنێکب تایبەت لەگەڵ رۆژنامەى قودسی عەرەبی ئاشکرایدەکات، هەسەدە رازیی بووە هێزەکانیان بچنە نێو سوپای نیشتمانیی سوریاوە و ببنە بەشێک لەو سوپایە لەژێر چەتری وەزارەتى بەرگریی سوریای نوێ، بەڵام وەک کوتلە و فەیلەق و یەکینەیەک نا.
ئامادەشن دۆسیەى نەوت و گرتووخانە و زیندانکراوە داعشییەکان بخاتە ژێر چاودێریی و ئیدارەى دیمەشقەوە.
عەرەب
هەواڵی چەواشەکارانە حکومەتی میسری گەمارۆ داوە
راپۆرتێک لەلایەن حکومەتی میسرەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە رێژەی دەنگۆ و چەواشەکارییەکان دەکات، روونى دەکاتەوە زۆرێک لە دامەزراوە و راگەیاندنەکان، نەیانتوانیوە زانیاریی چەواشەکارانە کەم بکەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکى بێ وێنە لە رێژەی پروپاگەندە و هەواڵی چەواشەکارانە کە پێشتر هاوشێوەى نەبووە.
لە ساڵی رابردوودا 93 هەزار چەواشەکاریی تێپەڕاندووە، واتە میسر مانگانە نزیکەی هەشت هەزار دەنگۆ و هەواڵی چەواشەکاری تێدا بڵاوکراوەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رێژەی هەواڵی چەواشەکاریی ساڵی رابردوو بە رێژەی 16.2% زیادی کردووە.
لە ماوەی ساڵی 2020 تا 2024 بە بەراورد بە 2015 تا 2019 سێ هێندە پروپاگەندە و هەواڵی چەواشەکاریی زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە حکومەت ناچاربێت یاسای پەیوەست بە تاوانی زانیارییەکان هەمواربکاتەوە و سزای هەواڵی چەواشەکارانە و دەنگۆ و پروپاگەندەکان توندتر بکاتەوە.