زووم..
عەزیز ئەحمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە بارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە دەڵێت، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، بەتەواوی یەک دەگرێتەوە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەی “هەژماری من”
دەشڵێت، پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکەین، کەوا دووپاتی کردووە کە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بێت، لەلایەن بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی ئەنجام بدرێت، و هەروەها فەرمانبەر سەرپشک بکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەو بانکانەی رەزامەندی بانکی ناوەندییان هەیە.
قسەکانی عەزیز ئەحمەد سەرپەرشتیاری “هەژماری من” و جێگری بەرپرسی نوسینگەی سەرۆکی حکومەت، لە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی دادبینی بۆ سکاڵاکەی سەرۆککۆمار کرد، کە داوایکردبوو، فەرمانێکی وەلائی دەربکات بۆ پابەندکردنی وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ دواکەوتن، لەگەڵ جێبەجێکردنی تەوتین و هەمواری یاسای بودجە لە پەرلەمان تایبەت بەهەناردەی نەوتی هەرێم.
دادگای فیدراڵی لە ئەنجامی دادبینییەکەیدا دەڵێت، تەوتین بە هەماهەنگیی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت، مووچەخۆر سەرپشک دەبێت لە هەڵبژاردنی ئەو بانکەی دەیەوێت مووچەی لێ وەربگرێت.