زووم..
رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند، یاسای گەڕانەوەی موڵکوماڵ وەکو خۆی جێبەجێ دەکەن و دەبێت کۆتایی بەو کێشەیە بهێنرێت کە 20 ساڵە بەردەوامە.
پارێزگاری کەرکوک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتیشی، ئەمڕۆ یاسای گەڕانەوەی موڵکوماڵ لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاوکرایەوە و دوای مانگێک رێنمایی بۆ دەردەچێت، بۆیە داوا لە جووتیاران دەکەم رێگەیان پێ بدەن بەپێی یاسا چارەسەری کێشەکەیان بکەن و رێگە نادەن هیچ هەوڵێکی تاکە کەسی گرفت بۆ پرۆسەکە دروست بکات.
رێبوار تەها داوای لە وەزارەتی داد کرد پەلە بکەن لە دەرکردنی رێنماییەکانی یاساکە، بۆ ئەوەی بڕگە بە بڕگەی یاسای گەڕانەوەی موڵکوماڵ وەک خۆی جێبەجێ بكات و گوتی، ئەگەر یاساکە جێبەجێنەکرا لێی بەرپرسیارە.
رۆژی 21-01-2025 یاسای گەڕاندنەوەی موڵکوماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەنگی لەسەر درا بوو بە یاسا و ئەمڕۆش یاساکە بە فەرمی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە.
دوێنێ یەکشەممە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی جووتیارانی کورد لەلایەن سەربازانی سوپای عێراقەوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەو سەربازەی “سوکایەتی” بە جووتیارێکی کورد کرد و ملپێچەکەی راکێشا دەستگیرکرا.