زووم..
شاندی ئیمراڵی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کۆبووەوە و رایگەیاند، هەموو کورد بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا یەک دەنگە.
لە دوای كۆبوونەوەكەیان، کەسکین بایندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، هەموو کورد بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان یەکدەنگە و دەرفەتیان نەبووە سەردانی سەرجەم لایەنەکانی باشوری کوردستان بکەن. گوتشی، سڵاوی ئۆجالان بۆ ئەو حزبانە دەنێرن کە دەرفەتی بینینیان نەبووە.
هاوكات بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، پشتگیری هەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە مافی کورد لە تورکیا بپاریزێت و هاوکاری سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبن. گوتیشی، تا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، پرسی کورد بە چەک و شەڕ چارەسەر نابێت و تاکە بژاردە گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆي جدی.
دەشڵێت، هیوادارن نیەتێکی جدی هەبێت بۆ پتەوکردنی برایەتی کورد و تورک و سەرخستنی ئەم هەوڵە نیشتمانییە
رۆژی شەممە شاندی ئیمڕاڵی گەیشتە هەرێمی کوردستان و رۆژی یەکشەممە لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبووەوە، دوێنێش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبووەوە و پەیامی ئۆجالانیان بە بارزانییەکان گەیاند و دواتر رایانگەیاند، دیدارەکانیان لە هەولێر ئەنجامی باشی هەبووە و بارزانی و سەرۆكی هەرێم پشتیوانیان بۆ چارەسەری ئاشتی لە توركیا دووپاتكردووەتەوە.
بڕیارە شاندەکەی ئیمراڵی ئەمڕۆ بگەڕێتەوە باکوری کوردستان.