زووم..
دەستەى دەستپاکى عێراق راپۆرتێکى بڵاویکردەوە، کە تایبەتە بە وردەکاری دەستکەوت و چالاکی و کارە لێکۆڵینەوە و سکاڵاکانى بۆ ساڵی 2024، کە بە گوێرەى راپۆرتەکە سکاڵا لەسەر 44 وەزیر تۆمارکراوە و شەش وەزیریش سزا دراون.
لە راپۆرتەکەدا، ئەو بڕە پارەیەی کە دەستەکە کاری لەسەر کردووە، کە بریتین لەو پارانەى بڕیاری دادوەری بۆ دەرچووە و رەتکراوەتەوە، یان گەڕێنراونەتەوە بۆ گەنجینەی گشتی، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنى ئەو پارانەى لە کاتى ئۆپەراسیۆنەکان وەک گەندەڵى ئاشکرابوون و دەستیان بەسەردا گیراوە.
بە گوێرەى راپۆرتەکە بڕى پارەکە بریتییە لە (940,886,945,112) دیناری عێراقی، کە دەکاتە (8,709,482,601) دۆلاری ئەمریکی.
لە راپۆرتەکەدا ژمارەی راپۆرت و دۆسییە تاوانکارییەکانی و سکاڵاکان ئاشکرکراوە، کە ژمارەیان (71 هەزار و 823) راپۆرت و دۆسییەی تاوان و سکاڵان، کە لەو ژمارەیەش (36 هەزار و 505) دۆسییەیان تاوانکارین.
هەروەها راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، (24 هەزار و 220) کەیس لە رێگەی ڕێوشوێنی دادوەرییەوە تەواو بووە و یەکلاکراونەتەوە، هاوکات تۆمەتبارانیشى باس کردووە، کە کەیسیان لەسەر جوڵێنراوە و کەسیەکانیان یەکلاکراوەتەوە، ژمارەیان (20 هەزار و 299) تۆمەتبار بوون، (28 هەزار و 534) تۆمەتباریش کەیسەکانیان هێشتا لە دادگایە.
راپۆرتەکە ئەوەشى ئاشکراکردووە، لەنێو ئەو کەسانەى سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و کەسیان لە دژ جوڵێنراوە (44) وەزیر هەیە، کە (65) تۆمەتیان ئاراستەکراوە، هەروەها (338) تۆمەتباری پلە تایبەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتیش هەیە، کە (577) تۆمەتیان ئاراستەکراوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کە “(957) سزا بۆ (1384) تۆمەتبار دەرچووە، لەنێویاندا (6) وەزیری سزادراوە و (26) تۆمەتى پلەتایبەتەکانیش یەکلاکراونەتەوە، کە پلەى زۆربەیان بەڕێوەبەرى گشتى بوون.