یانەی دهۆک دەیەوێت لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو مێژوو بنوسێتەوە، وەک یەکەم یانەی عێراقیش خۆی گەیاندە قۆناغی پێش کۆتایی.
سبەی چوارشەممە 20-2-2025 کاتژمێر حەوتی ئێوارە لە گەڕی شەشەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو لە کۆمەڵەی یەکەم، دهۆک لە یاریگای خۆی میوانداری زەفاری عومان دەکات.
دهۆک دەیەوێت لەسەر ئاست و ئەنجامە باشەکانی بەردەوام بێت و سێیەم بردنەوە لە خولەکەدا بەدەستبێنێت، هەرچەندە پێشتر سەرکەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر کردووە.
دوو رۆژ پێش یارییەکە شاندی یانەی زەفاری عومانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێرە گەیشتنە هەرێمی کوردستان.
بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو یانە لە یاریگای نێودەوڵەتی دهۆک دوایین ئامادەکارییەکانی خۆیان بۆ یارییەکە ئەنجام بدەن.
پێش ئەم یارییە دهۆک بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندییە و میوانەکەشی بە چوار خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە.