زووم..
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی دوێنێی سەرگەڕان رەوانەی کەرکوک کرد، لە ئێستادا ئەندامانی لیژنەکە لەگەڵ ئیدارەی شارەکە لە کۆبوونەوەدان.
راگەیاندنی شانەی ئەمنیی عێراق دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان چاودێریی رووداوەکەی کەرکوک و رێگری سوپا لە جووتیاران دەکات، فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەکانی راسپاردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە.
هەروەها سودانی بریکاری وەزارەتی دادی راسپاردووە سەردانی کەرکوک بکات و رێوشوێنی پێویست لەبارەی کێشەکە بگرێتەبەر.
سودانی داواشی لە هێزە ئەمنییەکانی سوپا، ناوخۆ، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگری کردووە پابەندی یاسا و رێنماییەکان بن و دان بەخۆیاندا بگرن.
دوای بڕیارەکەی سودانی، لیژنەکە دەستبەجێ گەیشتە کەرکوک، لە ئێستادا لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی ئیداری لە کۆبوونەوەدایە.