زووم..
بڕیارە ئەمڕۆ لە ریازی پایتەختی سعودیە، بەرپرسانی ئەمریکا و روسیا لەبارەی جەنگی ئۆکراین و ئامادەکاری بۆ لوتکەی چاوەڕوانکراوی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا کۆببنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئاکسیۆس، ئەم کۆبوونەوەیە نیگەرانی ئۆکراینی لێکەوتووەتەوە لەوەی كە بەبێ بەشداری ئەو ئەمریکا و روسیا رێکبکەون، هەرچەندە سەرۆکایەتیی روسیا دەڵێت، ئامانجی دیدارەکە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئەمریکایە، لەگەڵ ئامادەکاری بۆ دانوستانی دیپلۆماسی تایبەت بە کۆتاییهاتنی جەنگ لە ئۆکراین.
شاندەکەی ئەمریکا کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن پێکهاتوون لە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە، مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە بەرامبەردا شاندەکەی روسیا پێکدێن لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە و یوری ئۆشاکیڤ، گەورە راوێژکاری پوتن بۆ سیاسەتی دەرەوە.