زووم..
بڕیارە ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان شاندێکی هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوێنی لە هەولێر پێشوازیان لە شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد بەمەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
گوتیشی، بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو شاند لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت ئەنجامبدەن.
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەشڵێت، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە سەبارەت بەم پرسەو تێیدا رێکار و میکانیزمەکانی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکرێن و پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە.
دوێنێ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتیان پێبدات.
رۆژی دووی شوباتی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پەسەندکرد کە لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەکردنی بۆ بەندەری جەیهان راگیراوە.