زووم..
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی دادبینی دەكات بۆ سکاڵاكەی لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام زووم ئاشکرایدەكات كە هۆكاری سەرەكی تۆماركردنی سکاڵاکە هیچ پەیوەندییەکی بە مووچەوە نییە،
زووم دەزانێت سکاڵاکە پەیوەندی بە ململانێی نێوان لەتیف رەشید و محەمەد شیاع سودانییەوە هەیە، لەسەر پرسی گرێبەستی کۆمپانیای ئایکیو، لەگەڵ دەستگیرکردنی سکرتێرەکەی بەتۆمەتی گەندەڵی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، مانگی رابردوو، سودانی لەڕێی دوو فەرمانەوە، داوایکردووە پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیای ئایکیو بکرێت، کە کوڕێکی سەرۆککۆمار و یەکێتی خاوەندارێتی دەکەن، فەرمانی دووەم، پەیوەندی هەیە بە جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی سکرتێری تایبەتی سەرۆککۆمارەوە.
پێشتر سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراقیش بە زوومی گوتبوو، بڕیارەکانی سودانی، سەرۆککۆماریان نیگەرانکردووە، لەبەرامبەردا لەتیف رەشید هەوڵدەدات لەڕێی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی بەناوی مووچەخۆرانی هەرێمەوە، فشاربخاتە سەر سودانی بۆ ئەوەی پاشەکشە لەو دوو دۆسیە بکات، هەربۆیە سەرۆككۆمار سكاڵاكەی لەدژی سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی تۆماركردووە و تێیدا داوادەکات فەرمانێکی وەلائی دەربکرێت بۆ پابەندکردنی وەزیری دارایی عێراق بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام، بەجۆرێک بەهیچ پاساوێکی پەیوەندیدار بە تەوتین و کێشەی تەکنیکی و ئیداری، مووچەی موچەخۆران رانەگیرێت و دوانەخرێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە رۆژی 12ـی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی خۆیدا دادبینی بۆ سکاڵاکە نەکرد و بۆ ئەمڕۆ دوایخست.