مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دیمەنی ئازاردانی جووتیارێكی كورد و رێگری لە جووتیاران، ئەنفال و جینۆسایدمان بەبیردەهێنێتەوە.
بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە گرژییەکانی ئەمڕۆی سەرگەڕان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی بەرامبەر جووتیارە بێتاوانەکانی کورد لە کەرکوک دەکرێت، رەفتارێکی شۆڤێنانەیە و تەنها تاوانی جووتیاران ئەوەیە كوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییەكانیانن.
بارزانی داوای لە سودانی کردووە رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو ستەمە بکات کە بەرامبەر جووتیارانی کورد دەکرێت.
دەشڵێت، دەستخۆشی لەو كوردە قارەمانانە دەكەم لەبەرامبەر ئەو ستەمە خۆڕاگرن.
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا پشتیوانیی بۆ جووتیارانی کورد دووپاتکردووەتەوە و دەڵێت، پێچەوانەی دەستوور و یاسا سوپا لە دژی خاوەنە رەسەنەکانی زەویوزاری سەرگەڕان بەکاردەهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردووە، بەکارهێنانی سوپا هەنگاوێکی مەترسیدارە و پێکەوەژیان دەخاتە مەترسییەوە، جەختیش لەوەدەکاتەوە، سزای یاسایی سەرپێچیکاران و ئەو کەسانەش بدرێت کە فەرمانیان داوە بە بەکارهێنانی سوپا لە دژی جووتیارانی کورد.
هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکان، فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی رێگرییەکەی سوپای عێراقی کردووە و داوایکردووە، بەزووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر خەت و چیتر سووکایەتی بە خاوەن مافەکان نەکرێت کە بۆ هەزاران ساڵە لەسەر زەوی باووباپیرانیان ژیاون.
هەروەها محەمەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەڵێت، ئەو هەڵسوكەوتەی سەربازانی سوپای عێراق لەگەڵ جووتیارانی كورد، مامەڵەیەكی فاشییانەیە و دژی پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی سنوورەكەیە.
GFX