زووم…
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کێشە دەخاتە نێوان سێ باڵی یەکێتییەوە، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دژی ئەوەن شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ پۆست وەربگرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی زووم، کە سێ سەرچاوەى ئاگادار پشتڕاستیان کردووەتەوە، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ دەیەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەربگرێت، بەڵام هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی رازی نیین.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ ئەوە نییە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ شاڵاو بێت
شاڵاو کۆسرەت کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە و تەنانەت سەرقاڵی دروستکردنی تیمەکانییەتی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بەڵام زووم دەزانێ ئەم پرسە هێشتا نەبراوەتە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی و ئەوەی هەیە تەنها ویستێکى شاڵاو کۆسرەت رەسوڵە و لە کۆبوونەوە و دانیشتنە نافەرمییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا باسکراوە.
زووم دەزانێ، کاتێک بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی گوێبیستی ئەم هەوڵەی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بوون دژى بوون و لەگەڵی نەبوون، چونکە پێیانوایە نابێت یەكێتی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەربگرێت.
یەکێتی لە ئەزموونی پێشووی رێواز فایەق، لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان رازی نەبووە و تائێستاش بۆچوونی زاڵ ئەوەیە لەم کابینەیەدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەرنەگرێت.
جگە لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، زووم دەزانێ براکەی خۆشی کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵە، لەگەڵ ئەوە نییە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ شاڵاو ببێت، چونکە ئەویش چاوی لە پۆستێکی باڵاو سیادی کابینەی نوێیە، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر شاڵاو پۆستى سەرۆکى پەرلەمان وەربگرێت، ئەوا باڵی ماڵی کۆسرەت رەسوڵ پشکەکانی خۆیان لە کابینەکە کۆتایی پێدەهێنن.
زووم بەدواداچوونی زیاتری کردووە و دەرکەوتووە کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بە بەرپرسانی حزبەکەی گوتووە سوورە لەسەر ئەوەی پۆستێکی باڵاو بەدەسەڵات لە کابینەی نوێی هەرێم هەبێت.