زووم..
کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا، کریملن، دەڵێت، رۆژی سێشەممە شاندی باڵای روسیا و ئەمریکا لە سعودیە کۆدەبنەوە.
کریملن لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا و یوری ئۆشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا رۆژی سێشەممە لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانیان لە ریازی پایتەختی سعودیە کۆدەبنەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و واشنتن و ئامادەکارییە بۆ دیداری ترەمپ و پوتین.
هەروەها دانوستانەکان سەبارەت بە جەنگی ئۆکراین بەشێک دەبن لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت، هەر رێککەوتنێکی روسیا و ئەمریکا سەبارەت بە جەنگی ئۆکراین، بەبێ بەشداریی وڵاتەکەی رەتدەکەنەوە.
زێلینسکی بە ئاژانسی هەواڵی ئۆکراینی گوتووە، تاوەکو ئێستا هیچ شتێک دەربارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆی ئەمریکا و روسیا نازانن، بەڵام هەر رێککەوتنێک پەیوەندی بە ئۆکراینەوە هەبێت و ئەوانی تێدا بەشدار نەبن، رەتیدەکەنەوە.