زووم..
“بە دڵنیاییەوە موعەمەر قەزافی ئامادەبوو ئاڵوگۆڕى شوێنەکەى لەگەڵدا بکات”، بەم دەستەواژەیە رۆژنامەنووسێک باسی ژیانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراوی سوریای لە پایتەختی روسیا کردووە.
ئەو رۆژنامەنووسە، کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، دەڵێت، ئەسەد بەختەوەرە نەک هەر لە ژیاندا مایەوە، بەڵکو هەموو شتێکی پێویستی بۆ ژیانێکی ئاسوودە و بێکێشە لەگەڵ خۆی هێناوە، ئەمە جگە لە پارەیەکى زۆر بۆ داهاتوو.
ئەمانە لێدوانی ئەو رۆژنامەنووسەن، کە چاودێری ژیانی بەشار ئەسەد دەکات و بە نهێنی قسەی لەگەڵ رۆژنامەی ئیسرائیلی “ئیسرائیل هایۆم” کردووە، راپۆرتێکی درێژى لەسەر ژیانی ئەسەد لە مۆسکۆ بڵاوکردووەتەوە.
بارودۆخی دارایی بنەماڵەی ئەسەد
بەگوتەی ئەو رۆژنامەنووسە، ماوەیەکى زۆر بەر لە رووخانی رژێمی ئەسەد و هەڵاتنی لە دیمەشق، بەشار ئەسەد چووەتە نێو بازرگانی خانووبەرەی گرانبەها لە مۆسکۆ و وەبەرهێنانی لە تاوەرەکانی شاری مۆسکۆدا کردووە، کە لەو کاتەدا لە قۆناغی دروستکردندا بوون.
هەر بە گوتەى ئەو رۆژنامەنووسە، پێش رووخانى رژێمى ئەسەد لە ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو، نوێنەرانی ئەسەد بۆ کڕینی شوقەی گرانبەها چوونەتە مۆسکۆ، زۆر حەزیان لە پرۆژەکان بووە و بیریان لەکڕینى شووقەى بچووک نەدەکردووەتە و چەند شوقەیەکیان بە ناوی کەسوکاری بەشار ئەسەد، یان لە ژێر کۆمپانیاکانیانى ئەوان کڕیوە و هیچ مامەڵەیەکیشیان نەکردووە.
ئەو رۆژنامەنووسە، کە دانیشتووی مۆسکۆیە ئاشکراشیکردووە، بنەماڵەی ئەسەد لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لانیکەم 19 شوقەی جیاوازیان لە سەرانسەری شاری مۆسکۆ کڕیوە.
هەروەها ئاشکرایکردووە، نرخی شوقەیەکی ئاسایی لەو کاتەدا نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام نوێنەرانی ئەسەد داواى ستانداردی بەرزتریان کردووە و ئەوانەشیان کڕیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەبەرهێنانەکان بلیتی چوونە ژوورەوەی بۆ یانە تایبەتەکانى مۆسکۆ بە ئەندامانی خێزانە کەی ئەسەد بەخشیوە، کە چالاکییەکانى یانەکان تایبەتن بە بەشداریکردن لە ژیانی دەوڵەمەندەکانى مۆسکۆ.
بە گوێرەى راپۆرتى رۆژنامەنووسەکە، ئەسەد لە دواى رووخانى رژێمەکەى و چوونى بۆ مۆسکۆ، بەشدارى ئەو چالاکییانەى نەکردووە و خۆی لەم کارە بەدوور گرتووە.
رۆژنامەنووسەکە پشتڕاستیکردەوە، ئەسەد خۆی لە چوونە نێو ژیانی کۆمەڵایەتی لە مۆسکۆ بەدوور گرتووە، کە رەنگە بەهۆی نەخۆشی هاوسەرەکەیەوە بێت، لەگەڵ جێبەجێکردنى رێنماییەکانی حکومەتی روسیا بۆ خۆدزینەوە لە چاوی خەڵک، یان هۆکاری ئەمنی.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، کە لە دوایانە حاڵەتی شێرپەنجەی ئەسما ئەسەد خراپتر بووە، بۆ ئەوەش لە یەکێک لە دامەزراوە پزیشکییە کانی مۆسکۆ چارەسەر وەردەگرێت.
ئەو رۆژنامەنووسە پێشبینی دەکات، ئەسەد ئەگەر بە شێوەیەکی کەسى خۆشى نەبێت لە رێگەی کوڕەکانییەوە خۆی بخاتە بواری بازرگانییەوە و سەرمایەدارى بکەن لە داهاتوودا.
باسى لەوەش کردووە، کە بنەماڵەى ئەسەد پارەی کاشیان هەیە و چەند ساڵێک لەمەوبەر لە سوریاوە ناردوویانە بۆ روسیا، کە 250 ملیۆن دۆلاری کاشە و بە زیاتر لە 20 گەشت بۆ مۆسکۆ گواستراوەتەوە، کە کێشەکەشى بیست تۆن بووە.
ئەو رۆژنامەنووسە دووپاتی کردەوە، کە ئامۆزای بەشار ئەسەد بەناوی ئیاد مەخلوف کۆمپانیایەکی خانووبەرەی بەناوی ئەوەوە لە مۆسکۆ دامەزراندووە بۆ بەڕێوەبردنی پارەی بنەماڵەی ئەسەد و لە بازرگانیکردن لەو وڵاتە بەردەوامە.