زووم..
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمەکانیشی سبەی شاندێکیان دەچێتە هەرێمی کوردستان.
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتیان پێبدات.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی 176 پەرلەمانتار هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2025ـی پەسەندکرد و مادەی 12ـی هەموارەکە پەیوەندیدارە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
بەگوێرەی هەموارەکە، نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار دیاریکراوە و دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو بڕەی بەرهەمیدەهێنێت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکات.
دوێنێ یەکشەممە 17-02-2025 لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە فەرمی واژۆی لەسەر هەموارکە کرد و پەسەندیکرد.
لە مانگی ئاداری ساڵی 2023ەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی سکاڵایەکی بەغداد لەسەر ئەنقەرە وەستاوە کە لە دادگای ناوبژیوانی پاریس سکاڵاکەی لێبردەوە و داوای قەرەبووی 1.5 ملیار دۆلاری لە تورکیا کرد بەهۆی ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لەنێوان 2014-2018 بەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراق گواستووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، تائێستا زیانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم 26 ملیار دۆلارە.