زووم..
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چوارچێوەی دادگاییکردنیدا بە تۆمەتی گەندەڵی، گەیشتووەتە بارەگای دادگای تاوانەکانى تەلئەبیب بۆ ئەوەی ئیفادى خۆى بدات.
ماڵپەڕی واڵاى ئیسرئیل بڵاویکردەوە، نەتانیاهۆ لە سەرەتادا قسەى لێوەرگیراوە، دواتر پارێزەرانی بەرگرییان لێکردووە و ناڕەزاییان دەربڕیوە، چونکە دانیشتنەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوون، چونکە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داواى کورتکردنەوەى دانیشتنەکانى کردووە و دواتریش گرژى دروست بووە.
ماڵپەڕەکە ئەو هۆکارانەی رووننەکردووەتەوە، کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گرژى لەنێو هۆڵى خولی دەیەمی دادگاییکردنی سەرۆکوەزیران.
هاوکات رۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆت بڵاویکردەوە، دادوەر فەرمانی بە ناتانیاهۆ کردووە، لەکاتی دادگاییکردنیدا قسە بکات و دواتر قسەکانى پێبڕیوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکوەزیران وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتى: “زۆر سەرسام بووم بە رەفتارەکانت”.
ناتانیاهۆ رووبەڕووی تۆمەتی بەرتیلدان و ساختەکاری و پێشێلکردنی متمانە و پێدانی ئیمتیاز بە کۆمپانیای زەبەلاحی پەیوەندییەکانی “بێزێک” کراوەتەوە، لەکاتێکدا وەزیری پەیوەندییەکان بووە کە بە کەیسەکانی 1000 و 2000 و 4000 ناسراوە.
هەروەها تۆمەتەکان بریتین لە وەرگرتنی دیاری گرانبەها لە بەرامبەر دابینکردنی هاوکارى رێکخراوەکان و پشتیوانی دیپلۆماسی بۆ بازرگانانی دیار، ئەمە جگە لەوەی دەستکاریکردنی بابەتە میدیاییەکان لە بەرژەوەندی خۆى.