زووم..
ئەو لیژنەیەی كە لە پەرلەمانی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی مووچەی مانگی 12 پێکهێنرابوو دوای چەند کۆبوونەوەیەک نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە زووم رایگەیاند، لیژنەکە چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە، بەڵام دوای کۆبوونەوەکان هیچ ئەنجامێکیان لەسەر چارەنووسی مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەدەستنەهێنا.
رۆژی 11ـی مانگی رابردوو، لیژنەیەک لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنرا کە عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دەکرد و دوو نوێنەری کوردیشیان تێدابوو، بڕیاربوو چارەنووسی مووچەی مانگی 12 دیاری بکەن.
نەدانی مووچەی مانگی 12 زۆرترین کاردانەوەی بەدوایخۆیدا هێناوە و حکومەتی عێراق دەڵێت، لەساڵی 2024 بڕی پارەی پێویست بۆ هەموو مانگەکان نێردراوە بە مووچەی مانگی 12ـەشەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، بەغداد پارەی بۆ مووچەی مانگی 12 نەناردووە.
مووچە مانگی 12 کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی مووچەخۆران دروستکرد بەهۆی ئەوەی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵیش درەنگ دابەشکرا، تەنانەت یەکێک لە داواکارییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو، کە ماوەی 15 رۆژ مانیان لە نان خواردن گرت، دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 بوو.