زووم..
بۆ یەکەمجار لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە 8ـی کانوونی دووەمى رابردوو، ئەسما ئەسەد، هاوسەری سەرۆکی پێشووی سوریا، لە زنجیرە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” قسەی کرد.
ئەکاونتە نوێیەکەی ئەسما ئەسەد لەلایەن کوڕەکەیەوە بەناوی حافز ئەسەد لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی تێلێگرام ئاشکراکراوە، کە پێشتریش گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی لەسەر شەقامێکی مۆسکۆ بڵاوکردەوە.
ئەسەد جونیۆر نووسیویەتی: ئەکاونتی خاتوو ئەسما ئەسەد لە پلاتفۆرمی ئێکس پێتانڕادەگەیەنم ئەکاونتەکە دوور دەبێت لە سیاسەت و ئامانجی ئەوەیە ناوەڕۆکێک پێشکەش بکات، کە رەنگدانەوەی لایەنە جیاوازەکانی ژیان و چالاکییە مرۆییەکانی خۆیەتى.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو رووداوێک چیرۆکێکى هەیە، هەر قۆناغێکیش نهێنی خۆی هەیە، ئامانج لێی وروژاندنی مشتومڕ نییە، بەڵکو ئەوەیە چیرۆکەکە وەک خۆی بگێڕێتەوە دوور لە گرژی و تۆمەت. ئەوەی لە تاریکیدا بوو، کاتی ئەوە هاتووە وەک خۆی بگێڕدرێتەوە”.
لاى خۆیشییەوە ئەسما ئەسەد نووسیویەتی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەمیشە بێدەنگ بووە سەبارەت بە پرسە سیاسییەکان و لە داهاتووشدا هیچ دەستوەردانێکی نابێت.
ئەو روونیکردووەتەوە، دوای ماوەیەک بێدەنگی، کاتی ئەوە هاتووە سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە، هیوا و گۆڕانکارییەکان ناوەستن، بۆیە با پێکەوە دەست پێبکەین، جەختیشیکردەوە “سوریا بە هەموو جوانی و مێژووی دێرینەکەیەوە لە دڵماندا دەمێنێتەوە، هیوای سەلامەتی و سەرفرازی بۆ گەلەکەی دەخوازین و هیوادارین رۆژانی خۆش بگەڕێنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەموو ناخۆشییەکانى”.
ئەسما ئەسەد جەختی لەوەش کردووەتەوە، “نیشتمان تەنها شوێنێک نییە، بەڵکو هەستێکە، کە لە دڵدا دەژی هەرچەندە دوور بین سوریا وەک جوانترین چیرۆک دەمێنێتەوە، فێرمان دەکات، دەمانگۆڕێت، دەرگایەکمان بۆ دەکاتەوە، کە هەرگیز بە خەیاڵماندا نەهاتووە.
باسى لەوەش کردووە، هەر مرۆڤێک رێگای خۆی هەیە، هەندێک رێگاش هەرگیز هەڵبژاردەی خۆت نییە، قۆناغگەلێک لە ژیاندا هەن، کە ناسرێنەوە.