زووم..
سکای نیوز بڵاویکردەوە بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی دەربڕیوە بە چەند مەرجێک کەرتی غەزە رادەستی دەسەلاتی فەڵەستینی بکات.
بەگوتەی چەند سەرچاوەیەک کە بۆ سکای نیوزی عەرەبی قسەیان کردووە، حەماس ئامادەیە بە چەند مەرجێک کەرتی غەزە رادەستی دەسەڵاتی فەڵەستینی بکات کە مەحمود عەباس سەرۆکایەتی دەکات و بزووتنەکەوە گوتوویەتی، دەبێت کارمەندە حکومییەکانیان بخرێنەوە نێو ئیدارەی نوێ، یان خانەنشین بکرێن و گەرەنتی ئەوە بکرێت مووچەکانیان وەربگرن.
ئەو سەرچاوانە گوتوشیانە، ئەو بڕیارەی حەماس دوای “فشاری بەرچاوی میسر دێت لەسەر شاندی حەماس کە سەردانی قاهیرەیان کردبوو.”
ئەمڕۆ شاندی ئیسرائیل دەگەڕێنەوە بۆ قاهیرە بۆ دانوستان لەبارەی رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان. بڕیارە شاندەکە باس لە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست بکەن کە تێیدا شەش بارمتەی دیکە ئازاد دەکرێن.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەزە، لە 19ـی کانوونی دووەمی رابردووەوە دەستیپێکردووە و 42 رۆژ دەخایەنێت و بڕیارە لەم قۆناغەدا 33 بارمتە و هەزار و 900 زیندانیی فەلەستین ئازادبکرێن، كە لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 19 بارمتە و زیاتر لە هەزار و 100 زیندانیی فەلەستینی ئازادکراون. هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل وردە وردە لە ناوەڕاستی غەززە دەکشێنەوە و هاوکاری مرۆیی دەچێتە ناوچەکە.
لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، یەکێک لە ئامانجەکانی ئیسرائیل لەناوبردن و ریشەکێشکردنی حەماس و دانانی ئیدارەیەکی نوێ بووە لە غەزە، بەڵام حەماس دەڵێت، ئیسرائیل ئەو ئامانجە و ئامانجەکانی دیکەی جەنگیشی بەدینەهاتوون.
دوێنێ یەکشەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، نابێت حەماس وەک هێزێکی حکومی و سەربازیی بەردەوام بێت و دەبێت ریشەکێش بکرێت.